هەواڵ 31, تشرینی یه‌كه‌م 2018

کۆمپانیای IBM بە فەرمی کۆمپانیای Red Hatـی بە بڕی ٣٤ بلیۆن دۆلار کڕی

کۆمپانیای IBM بە فەرمی ڕایگەیاند کە گەیشتووەتە ڕێکەوتنی کۆتایی لەگەڵ Red Hat بە بڕی ٣٤ بلیۆن دۆلار، کە کۆمپانیایەکی تایبەتمەندە لە بواری بەرنامەداڕێژی سەرچاوە کراوە. ئەم ڕێکەوتنەش بە گەورەترین بەدەستهێنان دادەنرێت کە لە بواری بەرنامەداڕێژی ئەنجام درابێت. تەنانەت بەسەر ئەو ڕێکەوتنەشدا سەرکەوت، کە مایکڕۆسۆفت لەگەڵ لینکدئین لە ماوەی ڕابردوو بە بڕی ٢٦ بلیۆن دۆلار ئەنجامیدا.

ئەم ڕێکەوتنە تا ئێستا بە گەورەترین ڕێکەوتن لە مێژووی IBM و بواری بەرنامەداڕێژی هەژمار دەکرێت، هەروەها  بە گەورەترین سێیەم ڕێکەوتن لە مێژووی کۆمپانیا تەکنەلۆژیاکانیش دادەنرێت، کە لە دوای ڕێکەوتنەکەی دێڵ بۆ کڕینی EMC بە بڕی ٦٧ بلیۆن دۆلار و هەروەها ڕێکەوتنەکەی Avago Technolohies بۆ کڕینی Broadcom بە بڕی ٣٧ بلیۆن دۆلار، دێت.

شایەنی باسە، لەمەودوا Red Hat بەشێک دەبێت لە بەشی IBM Hybrid Cloud لەناو کۆمپانیای IBM، بەڵام بە هێشتنەوەی Jim WhiteHurst وەکو بەڕێوەبەری جێبەجێکاری Red hat وەکو خۆی، کە ڕاپۆرتەکان بۆ Ginni Rometty، بەڕێوەبەری کارگێری و جێبەجێکاری IBM، بەرز دەکاتەوە.

Ginni Rometty ئاماژەی بەوەکرد، کە کڕینی Red hat کاریگەری تەواوی لە گۆڕینی یاریەکە دەبێت، چونکە زۆر شت لە بازاڕی Cloud Computing دەگۆڕێت، کە ئەمە IBM دەکاتە یەکەم کۆمپانیای جیهانی لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری هەوری تایبەت و گشتی.

هەروەها Jim WhiteHurst، سەرۆک و بەڕێوەبەری جێبەجێکار لە Red Hat، دەڵێت: سەرچاوەی کراوە بژاردەی بنچینەییە لە جیهانی تەکنەلۆژیای نوێدا، وە ئێمە شانازی دەکەین بەو ڕۆڵە بەرچاوەی Red Hat هەیبووە لە دروسکردنی ئەو ڕاستییە، وە لەگەڵ IBM تواناکانمان فروانتر دەبن بۆ زیاتر دروستکردنی کاریگەری سەرچاوەی کراوە.

شایەنی ئاماژەیە، کۆمپانیای Red Hat ئەمریکییە و لە ساڵی ١٩٩٣ دامەزراوە، و سەرەتاش وەکو دابەشکراوەیەکی لینوکس دەستی پێکرد، کە سیستەمێکی سەرچاوە کراوەیە و ئاسایی لە زۆربەی کۆمپیوتەری ڕاژەکارەکان بەکاردەهێندرێت، بەڵام ئەمڕۆ Red Hat بە ناوبانگە بە پێشکەشکردنی Red Hat Enterprise Linux. سەرباری پێشکەشکردنی تەکنەلۆژیای تری بەربڵاو لە ڕووی داتا سێنتەرەوە. هەروەک کۆمپانیای ناوبراو سەرکەوتنی گەورەی لە بواری بەرنامەداڕێژی سەرچاوە کراوە بەدەست هێناوە، بەشێوەیەک ساڵی پار داهاتی ٢.٩٢ ملیار دۆلار بووە.

ئێستا بە فەرمی Red Hat بەشێکە لە IBM و لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێت. ڕات چییە لەسەر ئەم ڕێکەوتنەی IBM لەگەڵ Red Hat؟ پێشتر لەسەر Red Hat هیچت بیستبوو؟

سەرچاوە :
تاگەکان IBM RedHat
بۆچونی تۆ