10
ئەپڵ 30, تشرینی یه‌كه‌م 2018

ئایپاد پڕۆی 2018 بە دیزاینی تەواو نوێ و بەبێ دوگمەی Home ڕاگەیاندرا

چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر و لە کۆنگرەیەکی تایبەتدا لە برۆکلن لە شاری نیۆرک، ئەپڵ بە فەرمی پەردەی لەسەر چەند بەرهەمێکی نوێ لادا. لە ناویاندا نەوەی ٢٠١٨ی ئایپاد پڕۆ بوو بە دیزاینێکی تەواو نوێ و تایبەتمەندی بەرزەوە. ئایپاد پڕۆی ٢٠١٨ ڕوونماکەی لێواری کەمە و لە جۆری LCD یە، هەروەها دووگمەی هۆمی نەماوە.

ئەپڵ ڕایگەیاند کە ڕوونماکە تایبەتمەندی Liquid Retinaـی هەیە، کە ڕوونمای LCD ڕووناکتر دەکاتەوە. شایەنی باسە ڕوونی ڕوونمای ئایپاد پڕۆی نوێ 2388×1668 پێکسڵە و بۆ هەر ئینجێکیش ٢٦٤ پێکسڵ جێگیرکراوە، کە بە گشتی ٣.٩٨ ملیۆن پێکسڵ پێک دەهێنن لەسەر ڕوونامەکە. بێگومان ١١ ئینج دەبێت بۆ جۆرێکیان و بۆ جۆرێکیشیان ١٢.٩ ئینج دەبێت کە لە ڕووی تایبەتمەندییەوە بە هەمان شێوەی ١١ ئینجیەکە دەبێت. شایەنی باسە، بە هۆی لێوارکەمی ڕوونماکەی و نەمانی دوگمەی سەرەکی واتە هۆم، قەبارەی ئایپادەکان بچوکتر کراوەتەوە بەڵام قەبارەی ڕوونماکان گەورەتر کراون یان وەکو خۆی ماونەتەوە. ئەمە سەرباری ئەوەی لە چاو نەوەی پێشتر بە ١٥% تەنکترن، کە تەنها ٥.٩ ملم تەنکیەکەیانە.

سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی تر، ئەوا ئایپاد پڕۆی نوێ تایبەتمەندی Face ID هەیە، ئەمەش بەهۆی کامێرا نوێکەی لەسەر ڕووی پێشەوە. هەروەک بە گوێرەی ئەپڵ، Face ID ئەم ئایپادە دەکاتە یەکێک لە پارێزراوترین تابلێتەکان لە ناو تابلێت و کۆمپیوتەرەکاندا.

هەروەها بۆ ئەم ئایپادە نوێیە هەمان جوڵەکانی سەر ڕوونمای ئایفۆن ١٠ بەردەست کراوە، تا بەکارهێنەر ئاسانتر مامەڵە لەگەڵ تابلێتەکە بکات تەنها لەڕێگەی جوڵەوە.

ئەم ئایپادە پڕۆسێسەری A12X Bionicـی ٧ نانۆمەتری لەسەرە و بەهێزترە لە A12 Bionic و ١٠ ملیۆن ترانزستەر لەخۆی دەگرێت. ئەم پڕۆسێسەرە خاوەنی ٨ ناوکە، کە ٤ی بۆ خێراییە، و بەمەش ئامێرەکە بە ڕێژەی ٩٠% لە چاو نەوەی پێشتر خێراترە. هەروەک گرافیک کاردێکی ٧ ناوکی لەسەرە و لە نەوەی پێشتری بەهێزتر و خێراترە.  ئەپڵ ئەم پڕۆسێسەرە نوێیەی ئەم ئایپادەی بە لە ٩٢% خێراتر لە هی ئامێرە کۆمپیوتەرییە و تابلێتەکان وەسفکرد. ئەمەش چونکە ئەم ئامێرە توانای جێبەجێکردنی ٥ ترلیۆن کرداری هەیە لە چرکەیەکدا.

ئایپاد پڕۆی نوێ خاوەنی پاتریەکە، کە تەواوی ڕۆژ بەرگە دەگرێت بۆ مەبەستی گەڕانکردن لەسەر ئینتەرنێت و بگرە زیاتریش بۆ کردارە سوکەڵەکانی تر. هەروەک، دەرچەکەی لە جۆری Lighting بووەتە USB-C بۆ مەبەستی خێراتر گواستنەوەی زانیاری و داتاکان. هەروەها بیرگەی تا ١ تێرابایت بەردەست و پشتگیری ڕوونمای دەرەکی تا 5K دەکات، ئەمە سەرباری پشتگیری لە ئامێرەکانی تۆمارکردنی ڤیدیۆ و مۆسیقا.

شایەنی ئاماژەیە، ئەپڵ لەگەڵ ئەم ئایپاد پڕۆیە، نەوەیەکی نوێی لە Apple Pencil نمایشکرد کە توانای پێوەلکانی هەیە بە لاکانی ئەو ئایپادە نوێیە و بەبێ تەل واتە بە وایەرلێس لەڕێگەی ئایپادەکەوە بارگاوی واتە شەحن دەبێتەوە. هەروەها تەختەکلیێکی تایبەتیش بۆ ئەم ئایپادە نمایشکرا.

لە ڕووی پێشەوەی ئەم ئامێرە ٤ بڵندگۆی ستریۆ هەن، و کامێرای پشتەوەی ١٢ مێگاپێکسڵە، کە سودی لێ دەبینرێت بۆ تەکنەلۆژیای ڕاستی خەیاڵی، هەروەک لە کاتی نمایشەکەی لەلایەن نوێنەری ئەدۆبیەوە تاقیکرایەوە.

ئێستاش باسی نرخە، ئایپاد پڕۆی ١١ ئینج لە ٧٩٩ دۆلارەوە دەست پێ دەکات، بەڵام جۆری ١٢.٩ ئینجی لە ٩٩٩ دۆلارەوە دەست پێدەکات و لە مانگی داهاتووەوە بەردەست دەبن بۆ فرۆشتن.

[su_youtube url=”https://youtu.be/LjaKHqDbzSA”]
سەرچاوە :
تاگەکان Apple iPadPro2018
بۆچونی تۆ