شاومی
2, تشرینی دووەم 2018
شاومی ئامانجەکەی پێکا و 100 ملیۆن یەکەی ڕەوانەی بازاڕەکان کرد

شاومی بە سەرکەوتوویی ئەو ئامانجەی بۆ ساڵی ٢٠١٨ داینابوو تەواوی کرد و ئامانجەکەی پێکا. چەند مانگێک لەمەوبەر، شاومی بە فەرمی ئامانجی خۆی بۆ ساڵی ٢٠١٨ ئاشکراکرد و داینابوو ١٠٠ ملیۆن مۆبایل ڕەوانەی بازاڕەکان بکات تا کۆتایی ساڵ.
بە گوێرەی Mydrivers News، ئەم ئامانجەی شاومی هەیبوو لە ٢٦ی مانگی ڕابردوو کاتژمێر ١١:٢٣ خولەکی شەو بەدەست هات، کە نزیکەی ٢ مانگێکیش ماوە بۆ کۆتایی ساڵ. بەم بۆنەیەوە، ئەمڕۆ ٢\١١\٢٠١٨ دامەزرێنەری شاومی، Lei Jun، بە فەرمی ئەم هەواڵەی لە ناوەندی تەکنەلۆژی Zhong Guan Cun ڕاگەیاند، کە ناوچەیەکە وەکو سیلیکۆن ڤالی کالیفۆرنیای ئەمریکا وایە و ئەو شوێنەیە کە شاومی لە ساڵی ٢٠١٠ تێدا دامەزراوە.
بە پشت بەستن بەو تێکرایەی ئێستا بێت دەکاتە ١٠ ملیۆن ڕەوانەکردن لە مانگێکدا، هەر لەبەرئەوە چاوەڕوان دەکڕێت لە دوو مانگی داهاتوودا ڕێژەکە بگاتە ١٢٠ ملیۆن یەکە. لە ڕاستیدا، شاومی کاتی پێویستە بگاتە سامسۆنگ و هواوەی و ئەپڵ لە ڕووی ڕەوانەکردنی زۆرەوە بۆ بازاڕەکان، بەڵام هێشتاش بە گوێرەی دوایین زانیارییەکان شاومی چوارەم گەورەترین کۆمپانیایە لە جیهاندا و دووەمە لە ڕووی گەشەسەندنەوە.
دیارترین هۆکاریش بۆ ئەم سەرکەوتنەی شاومی دەگەڕێتەوە بۆ بەرهەمێنانی مۆبایلی هەرزان بە جۆرایەتی باش. شاومی یەکێکە لە بەربڵاوترین براندەکان لە چین و هیند لە ئێستادا، کە داواکاری لەسەر مۆبایل لە ئاستێکی باڵا دایە لەم دوو وڵاتە. ئەمە سەرباری ئەوەی شایەنی ئاماژەیە کە شاومی لە بواری مۆبایلدا داهێنەر بووە لە زۆر رووەوە. بۆ نمونە Mi Mix لە یەکەم مۆبایلەکان دەژمێردرێت کە ڕوونمای پڕ Full Screen Display تێدا بەکارهات، هەروەکو چۆن چاوەڕوان دەکرێت Mi Mix 3، کە خاوەنی سکە Sliderـە بە هەمان شێوەی یەکەم می میکس ئاراستەی مۆبایل بگۆڕێت.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
[…] و فرۆشی زیاتر لە ڕێگەی نرخە نزمەکانیانەوە، کە وەکو لەم هەواڵەش ئاماژەمان پێداوە شاومی توانی ئامانجی خۆی پێش کۆتایی […]