ئەپڵ
2, تشرینی دووهم 2018
ئەپڵ لە چارەکی چوارەمی 2018 دەستکەوتی پێوانەیی تۆمارکردووە و داهاتی گەیشتووتە 62.9 بلیۆن دۆلار

ئەمڕۆ بە فەرمی ئەپڵ داهاتە دارییەکانی خۆی بۆ چارەکی چوارەم و کۆتایی ئەمساڵ بڵاوکردەوە، کە لە ٢٩ی ٩ کۆتایی پێهاتووە، ئەمە چونکە ئەپڵ لە سێ مانگی کۆتایی ٢٠١٧ دەستپێکی ساڵی دارایی بووە. لەم سۆنگەیەوە ئەپڵ دەستکەوتی پێوانەیی تۆمارکردووە بە هۆی ئەو خزمەتگوزاریانەی پێشکەش بە بەکارهێنەرانی دەکات لەسەرتاسەری جیهان.
ئەپڵ توانیویەتی ٦٢.٩ بلیۆن دۆلار لە چارەکی چوارەمی ساڵی دارایی خۆی بەدەست بهێنێت، کە بە ٢٠% زیاترە لە چاو هەمان چارەکی ساڵی پار. هەروەک ئەمە واتای وایە هەر پشکێکی کۆمپانیا بە بڕی ٢.٩١ دۆلار زیادیکردووە و ئەمەش ٤١% زیاترە لەچاو هەمان ماوە لە ساڵی پاردا. هەروەها ئەپڵ ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێژەی فرۆشەکان لە دەرەوەی ئەمریکا ٦١% پێکدەهێنن.
هەر لە هەمان بڵاوکراوەیاندا، ئەپڵ ئاماژەی بە فرۆشی ٢ بلیۆن ئامێری iOS كردووە، کە هەریەک لە ئایفۆن و ئایپاد و ئایپۆد دەگرێتەوە، کە ئەمەش ژمارەیەکی پێوانەییە بۆ ئەپڵ کە لەماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوو لە کاتی بەردەستکردنی ئەپستۆرەوە ئەم ژمارە پێوانەییانە بەدەست هاتوون.
فرۆشەکانی ئەپڵ بۆ چارەکی چوارەم بەم شێوەیە بوون:
- ٤٦.٨ ملیۆن ئامێری ئایفۆن کە داهاتەکەی ٣٧.٢ بلیۆن دۆلار بووە.
- ٩.٧ ملیۆن ئایپاد کە داهاتەکەی ٤.١ بلیۆن دۆلار بووە.
- ٥.٣ ملیۆن ماک بە دەستکەوتی ٧.٤ بلیۆن دۆلار.
- تەواوی بەشەکەی تری داهاتی ئەپڵ لەڕێگەی کۆگای ئەپەکانی و خزمەتگوزارییەکانی بووە کە نزیکە لە ١٠ بلیۆن دۆلار.
لەلایەکی ترەوە، ئەپڵ چاوەڕوان دەکات لە چارەکی یەکەمی ٢٠١٩ دەستکەوتەکانی لە نێوان ٨٩ بۆ ٩٣ بلیۆن دۆلار بێت، ئەمەش بەهۆی بڵاوکردنەوەی سێ ئایفۆنی جیاواز و ئایپاد و سێ ئامێری ماکی نوێ لەم چارەکەی ئێستادا.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!