گەرمترین 3, تشرینی دووه‌م 2018

هواوەی وەڵامی هەیە دەربارەی کێشەی ڕوونمای هەندێک لە مۆبایلەکانی Mate 20 Pro 

لە دوای ماوەیەکی زۆر کەم لە بەردەستبوونی مۆبایلی Mate 20 Pro بۆ کڕین، زۆرینەی کڕیاران ڕووبەڕووی کێشەیەکی سەیر بوونەتەوە لە ڕوونمای ئەو مۆبایلە. بەم بۆنەیەوە، سەکۆ و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پڕکراون بە گلەیی و گازندەی بەکارهێنەران، هەر لەبەرئەوە هواوەی وەڵامی ئەو کێشانەی داوەتەوە، بەڵام بەداخەوە وەڵامەکەی ئاسوودەکەر نییە و ئەگەر خاوەنی Mate 20 Pro بیت زیاتر لە هواوەی زویر دەبیت. ئەمەی خوارەوە وەڵامی هواوەیە و دەڵێت:

“مۆبایلی Mate 20 Pro ڕوونماکەی لە جۆری ئۆلێدە و لێوارەکانی بە دیزاینێکی تایبەت کراون بۆ ئەوەی ئەزمونێکی باشتر لە کاتی سەیرکردن ببەخشێت و هەروەک ئەزمونێکی بەکارهێنانی ئاسودە بەخشیش بێت. ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی گۆڕانکاری لە ڕەنگیدا کاتێک لە گۆشەی جیاوازەوە سەیری ڕوونماکەی دەکرێت. لە دۆخێ زۆر ڕووناکی کەمدا، کاتێک ڕووناکی ڕوونامەکە زۆر کەمە، یان پاشبنەما (باکگراوندی) ڕەش بەکاردەهێندرێت، ئەم جیاوازیانە لە ڕادەبەدەر دیاردەبن. ئەگەر ئەم کاریگەری ڕەنگە کاردەکاتە ئەزموونی ئاسایی بەکارهێنان، مۆبایلەکەت بگەیەنە ناوەندێکی باوەڕپێکراوی چاککردنەوە تا هاوکاریت بکەن.”

ئەگەر سەرەنج بدەن ئەوەی هواوەی دەربارەی گۆڕینی ئەو ڕەنگە دەیڵێت بە شتێکی ئاسایی وەسفی دەکات و گوایە تەنها لە هەندێک دۆخ هەستی پێ دەکرێت. بەڵام ئەگەر بەراورد بکرێت بە مۆبایلی تر بە هەمان جۆری ڕوونماوە، ئەوا ئەو کێشەیە زۆر دیار و زەقە. ئەمە هەرچەندە هواوەی دەڵێت ئەگەر کێشەکە کاریگەری لە ئەزموونی ئاسایی بەکارهێنان دەکات دەتوانن مۆبایلەکە بگەیەننە ناوەندێکی باوەڕپێکراوی چاککردنەوەی هواوەی. لە ڕاستیدا، ئەو قسانەی هواوەی جێگەی تێرامانن، چونکە ئەگەر ئەو کێشە ئاسایی بێت ئەوا لە گشت جۆرەکانی Mate 20 Pro دەبینرا، نەوەکو تەنها لە ڕێژەیەکی کەمی ئەم مۆبایلە.

هەروەکو لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا، ئەم کێشەیە لە هەندێک دۆخی دیاریکراو ڕوودەدات، و بەکارهێنەرانیش ئاماژە بەوە دەکەن ئەم کێشەیە بە زۆری لەو ڕوونما ئۆلێدانەیە کە دروستکراوی ئێڵجین، بەڵام ئەوانەی کە BOE بەرهەمیهێناون هیچ کێشەیەکی لەو شێوەیەیان نییە.

هەروەک هەندێکی تر دەڵێن ئەم کێشەیە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات زیاتر و زیاتر تەشەنە دەستێنێت و زیاتر دیاردەبێت، و هەندێکی تریش دەڵێن ئەمە بە هۆی ئەو شێوە  بەکارهێنانەیە، کە هواوەی لە ڕوونماکانیدا ئەنجامیداوە. شایەنی باسە، کێشەی لەم شێوەیە لە بەرهەمی کۆمپانیای تر ڕوویانداوە و کۆمپانیاکانیش بە فەرمی دانیان بە کێشەکە داناوە. لەم ڕووەوە وا پێدەچێت هواوەی خۆی لە بەرپرسیاریەتی بەدوور بگرێت یان هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوە بێت.

لە هەر دۆخێکدا بێت، هیوا خوازین هواوەی زۆر وردتر لە کێشەکە بکۆڵێتەوە و پاشان ڕوونکردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڵاوبکاتەوە.

دەتوانن لەم  بەستەرەوە لەم هەواڵەوە سەبارەت بە کێشەکە بخوێننەوە، کە پێشتر لەسەر ماڵپەڕ بڵاوکراوەتەوە.

سەرچاوە :
تاگەکان Huawei
بۆچونی تۆ