10
هەواڵ 7, تشرینی دووه‌م 2018

ڤیدیۆیەک دیزاین و تایبەتمەندیەکانی مۆبایلی Nokia 9 ئاشکرا دەکات

ئەگەر مۆبایلەکانی ساڵی 2018 بە شتێکدا بناسرێنەوە جگە لە نۆچ ئەوە ژمارەی کامێرایە بە هۆکاری ئەوەی لە پێشووتردا سەرجەم مۆبایلەکان خاوەنی یەک کامێرا بوون بەڵام لە ئێستادا مۆبایلەکان خاوەنی دوو کامێرا و سێ کامێرا و چوار کامێران و لەگەڵ هاتنی مۆبایلی Nokia 9ـش وا دیارە ژمارەی کامێراکان بۆ پێنج کامێرا زیاد دەکات ئەمەش بە پێی نوێترین هەواڵە دزەپێکراوەکان.

لەم بارەیەوە دزەپێکەری بەناوبانگ OnLeaks هەستاوە بە دروستکردنی دیزاینێکی پێشبینیکراوی مۆبایلی Nokia 9 تیایدا دەردەکەوێت مۆبایلەکە خاوەنی پێنج کامێرایە و شایەنی باسە لە پێشووتردا دیزاینە پێشبینیکراوەکانی ئەم دزەپێکەرە زۆر هاوشێوەی بەرهەمە فەرمیەکە بووە، سەبارەت بە مۆبایلەکە لەم وێنەیەی خوارەوەدا بەشی پشتەوەی مۆبایلەکە دەردەکەوێت و وا دیارە هەڵگری هەستەوەری پەنجەمۆر نابێت لە پشتەوە بەڵام دەوترێت هەڵگری هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما دەبێت.

سەبارەت بە ڕوونما مۆبایلەکە وا دیارە خاوەنی ڕوونمایەک دەبێت بە قەبارەی 5.9 ئینج و بە ڕوونی +QHD و بە دووری 18:9 لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی هیچ نۆچێک نییە لە بەشی سەرەوە لە جێگای ئەوەش کامێرای پێشەوەی مۆبایلەکەی تێدا جێگیرکراوە.

دەوترێت مۆبایلی Nokia 9 لە ڕووی دیزاینەوە هەندێک هاوشێوەی 8 Sirocco دەبێت دیارترینیان دەستبەردار بوونیەتی لە دەرچەی 3.5 مللیم و لە جیاتی ئەوەش دەرچەی USB-C جێگیرکراوە.

Nokia 9 وا دیارە بەشی پشتەوەی لە شووشە دروستکراوە بە واتای ئەوەی مۆبایلەکە لەوانەیە خاوەنی تایبەتمەندی بارگاویکەرەوەی بێتەل بێت لەگەڵ پاتریەک بە توانستی 4150 میللی ئەمپێر لەگەڵ ئەوەشدا دەوترێت مۆبایلەکە توانای بەرگەگرتنی دژی ئاو و تەپ و تۆز دەبێت بە پێوەرێک کە دەوترێت IP67ـە وەک Sirocco.

سەبارەت بە پڕۆسێسەر مۆبایلەکە بە هۆی دواکەوتن لە ڕاگەیاندنیدا هەڵگری پڕۆسێسەری Snapdragon 845 دەبێت لەگەڵ بیرگەیەک بە قەبارەی 128 گێگابایت و ڕامێک بە قەبارەی 8 گێگابایت، لە بارەی بەرواری ڕاگەیاندنی مۆبایلەکە ئەوا پێشبینی دەکرێت لە کۆنگرەی جیهانی مۆبایلەکان لە مانگی دووەمی ساڵی 2019 ڕابگەیەنرێت.

تاگەکان Nokia 9
بۆچونی تۆ