ئەپ و نەرمەکاڵا 7, تشرینی دووه‌م 2018

باشترین ئەپەکانی دەستکاری کردنی وێنە بۆ سیستەمی ئەندرۆید

بێگومان مۆبایلە زیرەکەکان بوونەتە بەشێکی گرنگ و پێویستی ژیانمان، بە شێوەیەک بۆ زۆرترین کارەکانی ڕۆژانە پشتیان پێ دەبەستین. بۆ نمونە لە پەیوەندیەکی ئاسایی تا گرتنی وێنەیەک و زیاتریش لەم کردارانە. لە ڕاستیدا ئەو وێنانەی ڕۆژانە دەیانگرین بە شێوەیەک لە شێوەکان و هەندێک کات هەیە پێویستە دەستکاریان بکەین، جا زیادکردنی نوسینێک بێت یان دانانی فلتەر واتە کاریگەریەک بێت یان کرداری تری وەکو بڕین و دانانی وێنە لەسەر وێنە و … هتد.

زۆرینەی مۆبایلەکانی لەناو خودی سیستەم بێ داگرتنی هیچ ئەپێک لەناو ئەپی گالەری یان فۆتۆس دەستکاری کردنی وێنەیان بەردەست کردووە، بەڵام ئامرازەکانیان سەرەتایین و کەموکوڕیان هەیە لە زۆر ڕووەوە. لەبەرئەوە ناچاردەبین بە داگرتنی ئەپی تر لە کۆگای ئەپەکان، بۆ نمونە پلەی ستۆر. بۆ ئەم مەبەستە لە خوارەوە چوار باشترین ئەپی دەستکاری کردنی وێنە بۆ ئەندرۆید دادەنێین:

١- ئەپی Snapseed

ئەم ئەپە یەکێکە لە بەربڵاوترین و بەناوبانگترین ئەپەکانی دەستکاریکردنی وێنە، کە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠ ملیۆن داگرتنی هەیە لەسەر گووگڵ پلەی. ئەپەکە لەلایەن گووگڵەوە پەرەی پێدەدرێت و زۆرترین ئامرازەکانی دەستکاری کردنی وێنە لەخۆی دەگرێت، کە خۆی دەبینێتەوە لە ٢٩ ئامراز و فلتەر، وەک فڵچە و ئامرازەکانی تەرازووکردنی ڕەنگ و لابردنی ناشیرنییەکان و چەندانی تریش.

لەم بەستەرەوە کرتە بکە و بەبێ بەرامبەر لە گووگڵ پلەی بەردەستە بۆ داگرتن

٢- ئەپی فۆتۆشۆپ ئێکسپرێس Photoshop Express

ئەپی فۆتۆشۆپ یەکێکە لە بەهێزترین و بەناوبانگترین ئەپەکانی دەستکاریکردنی وێنە، کە یەکێکە لە پڕبەکارهێنراوترین ئەپەکان لە لایەن دیزاینەرانەوە لەسەر ئاستی جیهان. هەر لەبەرئەوە جێگەی سەرسوڕمان نییە کۆمپانیای ئەدۆبی کە خاوەنی فۆتۆشۆپە ئەپی فۆتۆشۆپ ئێکسپرێسی بۆ مۆبایلە زیرەکەکان بە کۆمەڵێک تایبەتمەندی بەرز و ئامرازی پێشکەوتووەوە بەردەست کردووە.

ئەم ئەپە بە تەواوی بێ بەرامبەرە و ڕکابەری ئەپی سناپسیدی گووگڵە و بە ئاسانی وێنەی پێدەگیرێت و پاشان دەستکاریکردنیشی. هەروەک پشتگیری لە گرتنی وێنە بە RAW دەکات، کە باشترین جۆری فۆڕماتی وێنەگرتنە بەلای وێنەگرانەوە.

لەم بەستەرەوە کرتە بکە و بەبێ بەرامبەر لە گووگڵ پلەی بەردەستە بۆ داگرتن.

٣- ئەپی VSCO Cam

ئەم ئەپە لە لایەن Visual Supply پەریپێدەدرێت و یەکێکە لە باشترین ئەپەکان بۆ گرتنی وێنە و دانانی کاریگەری لەسەری و دەستکاریکردنی. هەروەک دەتوانیت بە RAW وێنە بگریت و پاشان بتوانیت تەرازووی ڕەنگی سپی و ئایزۆ و Exposure بە دەست دەستکاری بکەیت و ڕێکی بخەیت.

لەم بەستەرەوە کرتە بکە و بەبێ بەرامبەر لە گووگڵ پلەی بەردەستە بۆ داگرتن.

٤- ئەپی PicsArt

ئەمە یەکێکە لە بەناوبانگترین ئەپەکانی دەستکاریکردنی وێنە تا ئێستا بۆ سیستەمی ئەندرۆید بەردەست کرابێت. بە شێوەیەک لەسەر پلەی ستۆر ڕێژەی داگرتنی گەیشتووەتە ١٠٠ ملیۆن و بە کۆی سیستەمەکانی تر گەیشتووەتە ٥٠٠ ملیۆن داگرتن، چونکە ئەم ئەپە بۆ ویندۆز و ئای ئۆ ئێسیش بەردەستە.

ئەپەکە خۆم بەکارمهێناوە و ئێستایش بەکارهێنەریم، خاوەنی ڕێژەیەکی زۆر لە ئامرازە بۆ دەستکاریکردنی وێنە. بۆ نمونە پشتگیری لە چینەکان واتە لەیەر دەکات و دەتوانیت نوسین بە چەندان شێواز بنوسیت، کە بە خۆشحاڵیەوە دەتوانیت فۆنتی کوردیشی بۆ جێگیر بکەیت. ئەمانە و بوونی دەیان فلتەر و کاریگەری و لەزگە و زیاتریش لەو ئامراز و کەلوپەلانە.

ئەپەکە لەم بەستەرەوە لە گووگڵ پلەی بەردەستە، بەڵام وەشانی بە بەرامبەریشی هەیە واتە بە پارە کە تایبەتمەندی زیاتری بەردەست کردووە.

تاگەکان ئەندرۆید
بۆچونی تۆ