سامسۆنگ
8, تشرینی دووهم 2018
بە وێنە بینەری ڕووکارە تاریکەکەی سامسۆنگ بن بۆ مۆبایلە گالەکسییەکانی لە وەشانی نوێدا

سامسۆنگ نزیک بووەتەوە لە بەردەستکردنی وەشانێکی نوێ لە ڕووکارەکەی بە ئەندرۆید پایەوە. بەم بۆنەیەوە چەند وێنەیەک لەسەر پێگەی ئەندرۆید پۆلیس لە ڕووکارە تاریکەکەی، کە بە نیازە بەکاری بهێنێت، بڵاوکراونەتەوە، کە بژاردەیەکە بە ناوی Dark Theme لە ناو ڕێکخستنەکانی سیستەم بەردەست دەبێت. بە کورتی ئەم دۆخە تاریکە یان ئەو ڕووکارە تاریکە تەواوی ئەپەکانی ناو سیستەم و زۆربە بەشەکانی وەکو لۆنچەر و ڕوونمای قوفڵ دەخاتە دۆخێکی تاریک و ڕەشەوە کە ماوەیەکی زۆرە بەکارهێنەران بەدوایدا وێڵن و داوای دەکەن.
بە گوێرەی پێگەی ناوبراو، هەندێک ئەپی وەکو Smart Switch و Theme Store پشتگیری لەو دۆخە تاریکە ناکەن تا ئێستا، بەڵام ئەمەش لەوەیە بە هۆکاری ئەوە بێت کە تا ئێستا لە وەشانی تاقیکاریدایە.
هەروەک جێگەی پرسیاریشە، کە بڵێین ئایا کاتی ئەوەیە پەرەپێدەرانیش ئەمە بە چرکەساتی دەستپێکی بەکارهێنان و جێبەجێکردنی دۆخی تاریک بزانن یان نا؟ لە ڕاستیدا ڕوون نییە بەڵام ئاشکرایە کە سامسۆنگ یەکێکە لە یاریکەرە سەرەکییەکانی ئەو یارییە و دەتوانێت شێوەی ئەوەش بە ئاراستەی پێویستدا بگۆڕێت بە مەبەستی چرکردنەوەی ڕکابەری و باشترکردنی پەیوەندی لەگەڵ ڕکابەران و هاوبەشانیش. ئەمەش لە کۆتایدا لەوانەیە ئەوەمان پێ بڵێت کە دۆخی تاریک بۆ گشت ئەپەکان، وەکو چۆن لە ئێستادا زۆربەیان جێگیریان کردووە، لە داهاتوویەکی نزیکدا بەردەست بکرێت.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!