گووگڵ
8, تشرینی دووهم 2018
ئەندرۆید بە فەرمی پشتگیری بۆ مۆبایلە چەماوەکان ڕاگەیاند

لە دوای ئەوەی مۆبایلە نۆچدارەکان پەرەیان سەند و ئەندرۆید ناچارکرا بە پشتگیریکردنی ئەو جۆرە مۆبایلانە بە فەرمی، دوێنێ لە کۆنگرەی گەشەپێدەرانی سامسۆنگ، نوێنەری گووگڵ بە فەرمی پشتگیری بۆ هاوپۆلێکی تر لە مۆبایل و تابلێتە زیرەکەکان ڕاگەیاند، ئەوانیش ئەو ئامێرانەن کە توانای چەمانەوە دەبێت، واتە Foldableـن.
ئەگەر پێویست بە دووپاتکردنەوەش بکات سەبارەت بە هاتنی ئەو مۆبایلانەی توانای چەمانەوەیان دەبێت لە داهاتوودا، ئەوا دەیڤ بێرک، جێگری بەڕێوەبەری بەشی ئەندازیاری لە گووگڵ، لەم بەستەرە جەخت لە پشتگیری ئەندرۆید دەکاتەوە بۆ ئەم جۆرە مۆبایلانە، کە دەڵێت گووگڵ ئەندرۆید بۆ ئەم جۆرە شێوە مۆبایلە دەگونجێنێت بە کارێکی کەم و بەپێی پێویست.
دەبێت ئەمە واتای ئەوە بێت کە گۆڕانکاری بەرچاو لە ڕووکاری ئەندرۆید بۆ مۆبایلە چەماوەکان ڕوونادات؟ پێدەچێت وابێت، بە لانی کەم بۆ ئێستا، چونکە لە ئێستادا گووگڵ تەنها ڕێبەری دیزاینکردنی لەم بارەیەوە بەردەستکردووە بۆ مۆبایلی لەم شێوە، لە جیاتی بەردەستکردنی گشت ئامرازێکی پەرەپێدان بۆیان.
وەکو لە کۆنگرەکە ئاماژەی پێکرا، سامسۆنگ و گووگڵ هەماهەنگ دەبن لە بەردەستکردن و گونجاندنی ئەندرۆید بۆ مۆبایلە چەماوەکان، کە چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە سامسۆنگ مۆبایلێکی لەم شێوەیە بخاتە بازاڕەوە و پاشانیش لە بەرهەمهێنەرەکانی تری وەکو شاومی و هواوەی و ئەوانی تر…
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!