10
سامسۆنگ 9, تشرینی دووه‌م 2018 بۆچوون

بۆ دواجار مۆبایلەکانی Galaxy S8 و +S8 و Note 8 ڕووکاری OneUIـیان پێ دەگات

تەنها چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی OneUI لە لایەن سامسۆنگەوە، بڵاوکرایەوە کە ئەم ڕووکارە نوێیەی سامسۆنگ تەنها بە نوێترین مۆبایلە ئاستبەرزەکانی سامسۆنگ دەگات، کە ئەوانیش Galaxy S9 و +S9 و Note 9ـن. دەنگۆکان زۆر بە خەستی جەختیان لەوە دەکردەوە کە ئامێرەکانی وەکو Galaxy S8 و +S8 و Note8 بەم ڕووکارە نوێیەوە ئەندرۆید پایان پێ ناگات، کە بەڕاستی زۆر سەیر و ناژیرانە هەڵسەنگێندرا.

بەڵام بە گوێرەی هەژماری بەناوبانگی پەیوەست بە هەواڵە دزەپێکراوەکانی سامسۆنگ ناسراو بە Ice Universe لە سەر تویتەر، ئەوا ڕووکاری OneUI بە زنجیرە مۆبایلەکانی Galaxy S8 و +S8 و Note8 دەگات. گوایە ئەم هەواڵەیان لە بەرپرسێکی باڵای سامسۆنگەوە دووپاتکردووەتەوە. جریوەکەی ئەم هەژمارە لە خوارەوە هاوپێچکراوە.

پرسیار ئەوەیە بۆچی دەبێت Galaxy S8 و +S8 و Note8 ئەم ڕووکارە نوێیەیان پێ نەگات؟

بۆ دواجار، مەبەست لەم ڕووکارە نوێیە ئەوەیە نوێترین مۆبایلەکانی سامسۆنگ خۆی زیاتر هاوڕێیانە بکات بۆ بەکارهێنەر و ئاسانتربن لە کاتی کارکردن تەنانەت بە یەک دەستیش. بە پشت بەستن بەوە، جیاوازیەکی زۆر کەم لە نێوان زنجیرەی ئێس ٨ و ئێس ٩ هەیە لە ڕووی دیزاینەوە، هەروەها نۆوت ٨ و نۆوت ٩یش هەیە، لەبەرئەوە زیاتر دەچێت ژیریەوە کە ئەگەر سامسۆنگ هەمان کاری بۆ ئامێرە کۆنەکانیشی ئەنجام بدات، کە لێرەدا مەبەستمان Galaxy S8 و +S8 و Note8ـن.

سەرباری ئەوە، ڕووکاری OneUI بنچینەکراو دەبێت لەسەر ئەندرۆید پای، کە هەریەک لە Galaxy S8 و +S8 و Note8 ئەو نوێکردنەوەیان پێدەگات. لەبەرئەوە گونجاوتر و ژیرانەتر دەبێت بۆ سامسۆنگ ئەگەر هەموو ئەو ئامێرانەی هەمان پانتایی ڕوونمایان هەیە، هەمان ڕووکاریان بۆ بەردەست بکرێت.

ئیتر وەکو هەمیشە، هەتا ئێمە زانیاری زیاترمان دەست بکەوێت، ئێوەش زانیاری زیاتر دەبیستن. لەبەرئەوە لەگەڵمان بن و چاوتان لەسەر کەی ئای تی ئێن بێت بۆ دوایین و گرنگترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکان.

سەرچاوە :
تاگەکان OneUI Samsung
بۆچونی تۆ