مایکرۆسۆفت 10, تشرینی دووه‌م 2018

وەشانی پێنجەمی Microsoft Launcher بۆ ئەندرۆید بەردەستە بۆ داگرتن

چەند هەفتەیەک لەمەوبەر، مایکڕۆسۆفت وەشانێکی نوێ و گرنگی بۆ لۆنچەرەکەی ڕاگەیاند، بەڵام ئەم وەشانە تەنها وەکو تاقیکاری بۆ بەشداربووانی Beta Program بەردەست کرابوو. هەروەک لە هەمان کاتدا مایکڕۆسۆفت بەڵێنیدا کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی تاقیکردنەوەکە، ئەم وەشانە بۆ گشت لایەک بە گشت تایبەتمەندییەکانەوە بەردەست بکات.

بەم بۆنەیەوە، دوو ڕۆژ لەمەوبەر مایکڕۆسۆفت بە فەرمی وەشانی پێنجەمی لە لۆنچەرەکەی بۆ سیستەمی ئەندرۆید بەردەستکرد، کە گشت ئەو تایبەتمەندیانە لە خۆی دەگرێت پێشتر ئاماژەی پێکردبوون. دیارترینیان تایبەتمەندی Timelineـە، کە ڕێگە بە بینینی چالاکییەکانی سەر کۆمپیوتەرەکەت دەدات بەڵام بە مەرجێک بە هەمان هەژمار لەسەر مۆبایلەکەت و کۆمپیوتەرەکەت لە ژوورەوە بیت.

بە واتایەکی تر، تایبەتمەندی Windows Timeline کە لە سیستەمی ویندۆزدا هەیە، لە ڕێگەی ئەم وەشانەوە هاوکات دەکرێت لەگەڵ مۆبایلەکەت و دەتوانیت ئاگاداری دوایین دەستکاری و گۆڕانکارییەکانی سەر کۆمپیوتەرکەت بیت، ئەمەش بۆ ئەوەی هەر کارێک، کە گونجاوبێت لەسەر مۆبایلەکەت بەردەوامبیت، بتوانیت بیکەیت.

بەڵام ئەمە هەموو شتێک نییە، ئەم وەشانە چەند تابێکی لە خۆی گرتووە ئەوانیش: هەواڵ و Timeline و Glance. هەروەها تابی هەواڵ بە Microsoft News بەهێزکراوە.

هەر لە ڕیزی ئەو نوێکاریانە، دەتوانیت لە ڕێگەی کۆرتاناوە ئیمەیڵ بنێریت، هەروەها تایبەتمەندیەکی نوێی پەیوەست بە دایک و باوکان بۆ زیادکراوە بە مەبەستی چاودێریکردنی منداڵەکانیان لە کاتی کرداریدا.

دەتوانن لەم بەستەرەوە لۆنچەری مایکڕۆسۆفت بۆ مۆبایلە ئەندرۆیدەکەتان دابگرن

سەرچاوە :
تاگەکان microsoft
بۆچونی تۆ