10
سامسۆنگ 14, تشرینی دووه‌م 2018

سامسۆنگ پڕۆسێسەری Exynos 9820 بە تەکنەلۆژیای 8 نانۆمەتری ڕاگەیاند

لە ماوەی ڕابردوودا پڕۆسێسەری ئێکسینۆس لەسەر زۆرینەی مۆبایلەکانی سامسۆنگ بە زنجیرەی ئێس و نۆوتیشەوە جێگیرکراوە و بەکارهاتووە. بەم بۆنەیەوە، سامسۆنگ نەوەیەکی نوێی لەم پڕۆسێسەرەی بە ناوی Exynos 9820 بۆ هەوادارانی خۆی ڕاگەیاند. ئەم پڕۆسێسەرە بە تەکنەلۆژیای ٨ نانۆمەتری Low Power Plus بنچینەکراوە، کە گەشەسەندنێکی دیار و ڕوونە بە بەراورد بە نەوەی پێشتری کە بە ١٠ نانۆمەتری بنچنەکرابوو. ئەم پڕۆسیسەرە پێکدێت لە مۆدێمێکی ٢ گێگابایتی و سێ پارچە CPU و NPUـی باشترکراو .

پڕۆسێسەری ناوبراو دوو ناوک واتە کۆری هەیە بۆ پێشکەشکردنی بەرزترین توانای وزە، دوو ناوکی Cortex-A75 بۆ توانستی جێبەجێکردن و پارچەی سێیەم بە بوونی چوار Cortex-A55 بۆ چوستی. سامسۆنگ دەڵێت ئەو ڕێکخستنە تازەیەی لەم پڕۆسێسەرە بەکارهاتووە خشتەی کاری زیرەکی هەیە بۆ خێراترکردنی توانستی فرەناوکی واتە فرەکۆری بە ڕێژەی ١٥% لە چاو نەوەی پێشتری ئێکسینۆس. هەروەک بۆ تاک ناوکی توانستەکەی تا ٢٠% خێراترە و توانای دابینکردنی ٤٠%ی چوستی وزەی هەیە.

مۆدێمی LTE-Advanced Pro هەنگاوێکی ترە بەرەو نەوەی پێنجەم بە خێرایی ٢ گێگابت لە چرکەیەکدا،ئەمە هەرچەندە وەکو زاراوە نەوەی پێنجەم ئاماژەی پێ نەکراوە. ئەم مۆدێمە کۆمەڵێک تایبەتمەندی وەکو: 8x CA و  316Mbps uplink لەخۆی دەگرێت. هەروەک بە هەمان شێوەی نەوەی پێش خۆی پشت دەبەستێت بە 4×4 MIMO و 256-QMA و تەکنەلۆژیای eLLA بۆ خێراییەکی زۆر بەرز.

سەبارەت بە GPUـەکەی، سامسۆنگ ناوکی Mali-G76 لەسەر جێگیرکردووە کە دەبێت ٤٠% توانستی باشتر پێشکەش بکات و ٣٥% لە ڕووی پاشەکەوتی وزەوە باشتر بێت، بە شێوەیەک ڕێگە بە زیاتر بەکارهێنانی ئەپەکانی VR و AR بدات. شایەنی باسە، NPU یەکەیەکی ترە لەسەر ئەم پڕۆسێسەرە و هەر کردارێکی ژیری دەستکرد بە ٧ جار لە جاران خێراتر ئەنجام دەدات. بە شێوەیەکی کرداری هاوکاری کامێرا دەکات بە ڕێکخستنی شوێنی وێنەگرتنەکە و تەنەکانی ناو وێنەکە بە مەبەستی وێنەیەکی باشتر و زانیاری دروست.

سامسۆنگ دەڵێت ئەم پڕۆسێسەرە تا کۆتایی ساڵ ڕێژەیەکی زۆری لێ بەرهەمدەهێندرێت، کە ئەمەش واتای وایە ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنانی لە نەوەی نوێی گالەکسی ئێس، کە چاوەڕوان دەکرێت گالەکسی ئێس ١٠ ناوەکەی بێت و لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوو نمایش بکرێت.

سەرچاوە :
تاگەکان Samsung
بۆچونی تۆ