ئای ئۆ ئێس 16, تشرینی دووه‌م 2018

باشترین ئەپەکانی تێبینی نوسین بۆ ئایفۆن و ئایپاد

لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ئەپەکانی تۆمارکردن و نوسینی تێبینی لەسەر مۆبایلە زیرەکەکان و تابلێت و کۆمپیوتەر بە پێویسترین ئەپەکان دێنە هەژمار، چونکە هۆکارن و یارمەتیدەرن بۆ تۆمارکردنی بیرۆکە و کاتە گرنگەکان و هەندێک زانیاری خێرا و تێبینی دەنگی و زیاتریش لەوانە، پاشان گەڕانەوە بۆیان بە شێوەیەکی ئاسان و خێرا لە کاتی تردا. بەڵام پرسیار ئەوەیە کامانەن باشترین ئەپەکان بۆ تۆمارکردن و نوسینی تێبینی لەسەر ئایفۆن و ئایپاد؟

لە ڕاستیدا، لەسەر ئەپستۆر ژمارەیەک لە ئەپی نایاب بۆ ئەم کردارە هەن، بەڵام من لێرە ٥ لە باشترینەکان دەخەمە ڕوو.

١- ئەپی Notes لە ئەپڵەوە

بێگومان ئەپی Notesـی ئەپڵ، کە ڕاستەوخۆ لەسەر هەردوو سیستەمەکەی ئای ئۆ ئێس و ماک ئۆ ئێس جێگرکراوە، یەکێکە لە پڕ بەکارهێنەرترین ئەپەکانی نوسین لەسەر ئەو دوو سیستەمە. خاوەنی تایبەتمەندی بەرزە و لەگەڵ خزمەتگوزاری هەوری iCloud و یاریدەدەری کەسی سیری تێکهەڵکێشکراوە و لەگەڵ نوسینی هەر تێبینیەک ڕاستەوخۆ لەسەر گشت ئامێرەکانت لەسەر هەمان ئەپ بەردەست دەبێت.

دەتوانیت لە کاتی نوسینی تێبینی لیست دروست بکەیت، وێنە بکێشیت و وێنە بکەیتە ناو تێبینیەکانت و خشتەش لە تێبینیەکانت بەکاربهێنیت. ئەمە و قوفڵدانی تێبینیەکانت بە وشەی نهێنی و پەنجەمۆر. هەروەک دەتوانیت بەستەر و نوسین لە ئەپەکانی ترەوە بخەیتە ناو ئەم ئەپە زۆر بەئاسانی و لە ڕێگەی لیستی Share سیستەمەکەوە. ئەم ئەپە پێویستی بە داگرتن نییە چونکە لەسەر ئای ئۆ ئێس و ماک ئۆ ئێس خۆی هەیە.

٢- ئەپی Bear Notes

یەکێکە لە ڕکابەرەکانی ئەپی سەرەکی ئەپڵ بۆ تێبینی نوسین و بەربڵاوترینە لە نێو بەکارهێنەرانی ئای ئۆ ئێس و ماک چونکە تەنها لەسەر ئەو دوو سیستەمە بەردەستە. ئەپەکە ڕووکارێکی سادەی هەیە و خاوەنی تایبەتمەندی Todo Listـە بۆ خشتەی کارەکان. بە بەکارهێنانی تاگەکان بۆ کۆکردنەوەی گشت تێبینییە پەیوەندیدارەکان بە ئاسانی.

ئەمە و هەناردەکردنی تێبینییەکان بە فۆڕماتی جیاوازی وەکو PDF یان HTML یان Jpeg.

ئەپەکە لەم بەستەرەوە لەسەر ئەپستۆر بەخۆڕایی بەردەستە بۆ داگرتن.

٣- ئەپی Noted

بە باشترین ئەپی تێبینی تۆمارکردنی دەنگی دێت، ئەمە سەرباری بوونی تێبینی نوسراو و پاشەکەوتی وێنە و هاشتاگ و چەندان تایبەتمەندی تری بەرز لەم ئەپەدا. بۆ نمونە لە ناو خودی تۆمارێکی دەنگی دەتوانیت خاڵ دابنێیت بۆ ئەوەی دواتر پێویست نەکات هەموو دەنگەکە لێ بدەیتەوە بۆ ئەوەی بگەیتەوە هەمان خاڵی دڵخواز.

هەروەک، ئەپەکە تایبەتمەندی Noise reduction هەیە بۆ کاتی تۆمارکردنی دەنگ بۆ ئەوەی ژاوەژاو تۆمار نەبێت. هەروەها پشتگیری iCloudـیش دەکات بۆ هاوکاتکردنی گشت تێبینییەکانت لەسەر گشت ئامێرەکان بە هەمان هەژماری ئەپڵ.

ئەپەکە لەسەر ئەپستۆر لەم بەستەرەوە بەردەستە بۆ داگرتن.

٤- ئەپی SimpleNote

هەروەکو لە ناوەکەیەوە دیارە، ئەم ئەپە ئاسانە لە بەکارهێنان و ڕووکارێکی سادەی هەیە. ئەم ئەپە بۆ تەواوی سیستەمەکان بەردەستە، وەکو ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید و ماک و ویندۆز و تەنانەت لەسەر وێب و لینوکیش. کەواتە ئەگەر دەتەوێت ئەپێک بەکاربهێنیت و لەسەر هەموو سیستەمەکان بەردەست بێت ئەوا بێگومان ئەم ئەپە بۆ تۆیە.

ئەم ئەپە تاگی هەیە بۆ ریزکردنی تێبینیەکان بە گوێرەی تاگ، هەروەها جێگیرکردنی تێبینی گرنگ لەبەشی سەرەوەی تێبینیەکان. هەروەک ئەپەکە تایبەتمەندی هەماهەنگی هەیە بۆ ئەوەی بتوانیت لەگەڵ کەسی تریش تێبینی بنوسیت و ئەمەش لەڕێگەی ئیمەیڵەوە هاوبەشی پێ دەکرێت.

ئەپەکە لە ئەپستۆر لەم بەستەرەوە بە خۆڕایی بەردەستە.

٥- ئەپی وەن نۆوت OneNote

ئەمە ئەپە بەناوبانگەکەی مایکڕۆسۆفت بۆ تێبینی نوسین و تۆمارکردن. خاوەنی ژماریەک لە تایبەتمەندی نایابە و بۆ ماک و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئەندرۆید بەردەستە. لە ڕێگەی وەن نۆوتەوە دەتوانیت تێبینی دەنگی، نوسین، وێنە کێشان، نوسین بە دەست و لیست دروست بکەیت و چەندان ئامرازی تریش بۆ کرداری جیا جیا.

گرنگترین تایبەتمەندی ئەم ئەپە بریتییە لە Audio Sync، کە نایاب و پێویستە بۆ ئەو کەسانەی زۆر لە کۆبوونەوەکان بەشداردەبن چونکە هەڵدەستێت بە هاوبەشی پێکردنی هەمان دەنگ لەو شوێنە بە شێوەیەکی خۆکار.

ئەپەکە لەسەر ئەپستۆر بە خۆڕایی لەم بەستەرەوە بەردەستە بۆ داگرتن.

تاگەکان ئای ئۆ ئێس iPad iphone
بۆچونی تۆ