10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 17, تشرینی دووه‌م 2018

لە ئێستادا دەتوانرێت مۆبایلە پارێزراوەکان بە هەستەوەری پەنجەمۆر هاک بکرێن

هاتنی هەستەوەرە نوێیەکانی وەک ناسەرەوەی ڕووخسار و پەنجەمۆر و گلێنەی چاو وەک جێگرەوەیەکی ئاسانی بەکارهێنان بوو لە جیاتی شێوازە کۆنەکانی وەک تێپەڕە وشە، بۆ زیاتر ئاسان کردنیش دروستکەرانی مۆبایل پێویست بوو لەسەریان سیستمێکی ناسەرەوەی گونجاو بەکاربهێنن لە ئێستاشدا هەستەوەری پەنجەمۆر بەربڵاوترینە بە بەراورد لەگەڵ هەستەوەرەکانی دیکە بە هۆکاری ئەوەی ئەم سیستمە تەنها هەڵدەستێت بە ناسینەوەی بەشێک لە مۆری پەنجەکە و مەرجیش نییە هەموو جارێک هەمان شوێنی پەنجەکە بپشکنرێت لە لایەن سیستمەکەوە.

هەر بۆیەش لێکۆڵەران ئەم شێوازەیان قۆستەوە و هەستان بە دروستکردنی کۆمەڵێک پەنجەمۆری جیهانی ساختە کە بە DeepMasterPrints ناودەبرێت، لێرەدا مەبەستمان لە وشەی جیهانی ئەوەیە هەر پەنجەمۆرێک لە پەنجەمۆرە ساختەکان دەتوانێت فێڵ لە سیستمی ناسەرەوە بکات تەنانەت ئەگەر هەمان پەنجەمۆری تۆمارکراوی سەر مۆبایلەکەش نەبێت، پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە چۆن ئەم پەنجەمۆرە ساختەیە دروست دەکرێت؟ وەڵامەکەش ئەوەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە تۆڕێک بەکاردەهێنرێت کە ژمارەیەک پەنجەمۆری ڕاستەقینە لە خۆدەگرێت.

ئەم پەنجەمۆرانەش شیکاریان بۆ کراوە لە ڕێگای هەمان خوارزمی بەکارهێنراو لە ناسەرەوەی مۆبایلەکاندا بەم شێوەیە پاش چەندین جار و بە بەردەوامی و بە ڕوونیەکی بەرز گۆڕانکاریان بەسەردا هێنراوە هەتاوەکو سەرکەوتوو بووە لە تێپەڕاندنی سیستمی ناسەرەوەی مۆبایلەکە، هەرچەندە پەنجەمۆرە ساختەکە هەمان شێوازی پەنجەمۆرە ڕاستەقینەکەی نییە بەڵام بە هۆکاری قۆستنەوەی شێوازی کارکردنی سیستمی ناسەرەوەکە توانرا ئەم کارە بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدرێت.

  • هەلی پەنجەمۆرە ساختەکە چەندە لە تێپەڕاندنی سیستمی ناسەرەوەکە؟

لە وەڵامدا دەڵێین ئەم پڕۆسەیە پشت دەبەستێت بە ڕوونی خوێنەرەوەی پەنجەمۆرەکە چونکە هەندێک لە سیستمەکان ڕێژەی هەڵەکردنیان لە سەدا 1%ـە و ڕێژەی سەرکەوتوو بوونی پەنجەمۆرە ساختەکانیش لە سەدا 77%ـە، سەبارەت بەو سیستمانەی ڕێژەی هەڵەکردنیان لە سەدا 1%ـە ئەوا توانراوە فێڵی لێبکرێت بە ڕێژەی لە سەدا 22% تەنانەت ئەوانەشی ڕێژەی هەڵەکردنیان زۆر کەمە و لە سەدا 0.01%ـە ئەوا توانراوە فێڵی لێبکرێت بە ڕێژەی 1%.

لێرەدا ئەوەی لێکۆڵەران پێشکەشیان کرد بەس نییە بۆ وازهێنانی تەواوەتی لەم سیستمە و گەڕانەوە بۆ شێوازی تێپەڕە وشە بەڵکو ئەمە وا دەکات لە دروستکەرانی مۆبایل باشتر بەم سیستمەدا بچنەوە و چاکسازی ڕیشەیی زیاتری تێدا ئەنجام بدەن، لە کۆتاییشدا تۆی خوێنەر چ شێوازێک بەکاردەهێنیت و بە باشترینی دادەنێیت بۆ پاراستنی مۆبایلەکان؟ لە لێدواندا لەم بارەوە لەگەڵمان بدوێ.

بۆچونی تۆ