10
هەواڵ 17, تشرینی دووه‌م 2018

وەن پڵەس دەست دەکات بە تاقیکردنەوەی نوێکاری ئەندرۆید پای 9.0 لەسەر هەردوو مۆبایلی OnePlus 5 و OnePlus 5T

کۆمپانیای وەن پڵەس بەردەوامە لە پشتگیرکردن و ڕەوانەکردنی نوێکاری بۆ مۆبایلە ئاست بەرزە کۆنەکانی لەوانەش هەردوو مۆبایلی OnePlus 5 و OnePlus 5T، لەم بارەیەشەوە کۆمپانیای ناوبراو دەستی کردووە بە ڕەوانەکردنی وەشانی تاقیکاری لە ئەندرۆید پای 9.0 بۆ هەردوو مۆبایلەکە لەم هەفتەیەوە، لە نوێکاریەکەدا وا دیارە گۆڕانکاریەکی تەواو ئەنجام دەدرێت لە ڕووکاری بەکارهێنەردا و شایەنی باسیشە مۆبایلی OnePlus 5T بە هەمان شێوەی مۆبایلەکانی OnePlus 6 و OnePlus 6T شێوازی ئاڵوگۆڕکردنی پشت بەستوو بە ئاماژەکانی پێدەگات.

بە پێچەوانەوە مۆبایلی OnePlus 5 ئەم شێوازی ئاڵوگۆڕکردنەی پێناگات چونکە مۆبایلەکە هەڵگری دوگمەی ڕاستەقینەیە و پێویست ناکات ئەم شێوازە لەسەر سیستم بوونی هەبێت، هەروەها نوێکاریەکە هەڵدەستێت بە باشترکردنی مامەڵە کردن لەگەڵ ئەو ئەپانەی لە ڕووکاری پشتەوە (Background) کاردەکەن هەتاوەکو ئاسانتر بێت بۆ بەکارهێنەر لەگەڵ ئەوەشدا ناسەرەوەی پەیوەندیکەر لە ئەپی مۆبایلەکەدا باشترکراوە و هەڵبژاردەی هەڵبژاردنی سیم کارتی تێدا زیادکراوە بۆ پەیوەندیکردن بە لایەنێکی دیاریکراو یان کۆمەڵێکی دیاریکراو.

شایەنی باسە کۆمپانیای وەن پڵەس لە ماوەی ڕابردوودا ئاشکرایکردبوو کاتی گەیشتنی نوێکاری ئەندرۆید پای 9.0 بە زنجیرەی مۆبایلەکانی OnePlus 5 Series و OnePlus 3 Series دوادەخرێت لە ئێستاشدا وا دیارە بەرواری ڕاگەیاندنی فەرمی نوێکاریەکە نزیکبووەتەوە چونکە کۆمپانیای ناوبراو وەشانی تاقیکاری ئەندرۆید پای 9.0ـی بۆ مۆبایلی OnePlus 6 بەردەست کرد لە بەرواری 3/9/2018 پاشان لە بەرواری 21/9/2018 وەشانی فەرمی لە سیستمەکە ڕاگەیاند بۆ مۆبایلی OnePlus 6، بەم پێیە دەتوانین بڵێین نوێکاری فەرمی بۆ هەردوو مۆبایلی OnePlus 5 و OnePlus 5T ڕەوانەی بەکارهێنەران دەکرێت پێش کۆتایی ساڵ یان بە لایەنی کەمەوە لە سەرەتای ساڵ.

تاگەکان OnePlus OnePlus 5 OnePlus 5T
بۆچونی تۆ