10
وێبداڕشتن 18, تشرینی دووه‌م 2018 بۆچوون

دۆزینەوەی کەلێنێک لە مۆبایلی iPhone Xـدا ڕێگە بە بردنی وێنە سڕاوەکانت دەدات لە لایەن هاککەرانەوە

هەموومان هەستی ئەو کەسە دەزانین کاتێک بە هەڵە هەڵدەستێت بە سڕینەوەی وێنەیەک و هیچ ڕێگە چارەیەکیشی نییە بۆ هێنانەوەی، بۆ ئەم مەبەستەش ئامێرە کارکردووەکان بە سیستمی وەگەڕخەری iOS لە کاتی سڕینەوەت بۆ وێنەیەک ئەوا وێنەکە ڕاستەوخۆ دەنێرێتە فۆڵدەرێکی تایبەتەوە بە ناوی Recently Deleted بە واتای سڕاوەکانی ئەم دواییە و لە ڕێگایەوە بەکارهێنەر دەتوانێت وێنەکانی بهێنێتەوە هەتاوەکو 1 مانگ بەڵام پاش تێپەڕبوونی ئەم ماوەیە ڕاستەوخۆ وێنەکان بە تەواوی دەسڕێنەوە.

بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا هەردوو لێکۆڵەری ئاسایشی Richard Zhu و Amat Cama هەستان بە دۆزینەوەی کەلێنێک لە وێبگەڕی Safari لەسەر مۆبایلی iPhone X کە ڕێگە دەدات بە هەر بەکارهێنەرێک لە ڕێگایەوە ئەو وێنانەی ماونەتەوە لە فۆڵدەری سڕاوەکانی ئەم دواییە ببات، شایەنی باسە ئەم دوو لێکۆڵەرە هەستان بە پیشاندانی شێوازی قۆستنەوەی ئەم کەلێنە لە پێشبڕکێی Mobile Pwn2Own کە لە شاری تۆکیۆی یابان ئەنجامدرا و لە بەرامبەریشدا خەڵات کران بە بڕی 50 هەزار دۆلاری ئەمریکی.

هەروەها ئەم کەلێنە تەنها بۆ بردنی ئەو وێنانە نییە کە بە تەواوەتی نەسڕاونەتەوە و ماونەتەوە لە فۆڵدەری سڕاوەکانی ئەم دواییە بەڵکو دەتوانرێت لە ڕێگایەوە کۆمەڵێک زانیاری گرنگی دیکە ببردرێت لەو کاتەشەوە کۆمپانیای ئەپڵ ئاگادارکراوەتەوە لەم کەلێنە ئاسایشیە هەتاوەکو ڕۆڵی خۆی ببینێت لە پاراستنی بەکارهێنەران و کەلێنەکە چارەسەر بکات بەڵام کۆمپانیای ئەپڵ هیچ لێدوانێکی لە بارەی چارەسەرکردنی ئەم کەلێنە نەداوە، هەرچەندە هەتاوەکو ئێستا هیچ ڕووداوێکی گەورە ڕووی نەداوە کە تیایدا ئەم کەلێنە قۆسترابێتەوە بەڵام وەک پارێزگاریەک لە زانیاریەکانت بە هیچ شێوەیەک پەیوەست مەبە بە هێڵی وای فایە گشتیەکان و هەوڵ بدە هەموو کات وێنەکانت بە تەواوی بسڕیتەوە.

تاگەکان iPhone x
بۆچونی تۆ