10
گووگڵ 21, تشرینی دووه‌م 2018 بۆچوون

وێبگەڕی گووگڵ کڕۆم بەم زووانە تایبەتمەندیەکی نایابی بۆ بەردەست دەکرێت

لەوانەیە زۆربەی کات کە وێبگەڕی کڕۆم دەکەیتەوە، پێویست بکات چەندین تاب بکەیتەوە. بەڵام ئەوەی کێشەیە لەگەڵ کردنەوەی هەر تابێک ئەوا ڕامی زیاتری کۆمپیوتەرەکەت داگیردەکات و ڕامەکە ئازار بەدەست ئەم هەموو تابەوە دەچەژێت. لە ڕاستیدا، ئەمە لە لای من و تۆ و زۆربەمان ڕوودات و مایەی بێزارییە.

لێتان نەشارمەوە ئەگەر تابێکی زۆر دەکەمەوە، هەندێک کات وەکو شەقامێکی سەرقاڵی لێدێت و نازانیت کێ کێیە. ئیتر زۆر سەخت دەبێت تابی خوازراو بدۆزیتەوە و ناچار دەبیت بە داخستنی هەندێکیان. لەبەرئەوە تایبەتمەندی Tab Groups باشترین چارەسەرە بۆ ئەوەی گووگڵ لەو کێشە کۆن و بێزارکەرە ڕزگارمان بکات.

بە گوێرەی ماڵپەڕی Chrome Story، کە لە چەند شوێنێکی لەسەر سەکۆکانی پڕۆژەی کڕۆمیەم بینراون، گووگڵ سەرقاڵی کارکردنە لەسەر تایبەتمەندیەک کە دەکرێت ناو بنرێت بە Tab Grouping و گووگڵ بەم شێوەیە وەسفی تایبەتمەندییەکە دەکات:

بەکارهێنەران دەتوانن تابەکان بکەنە گروپی جیا جیاوە، بۆ نمونە، لێکجیاکردنەوەی ئەو تابانەی کە پەیوەستن بە کردار و ئەرکی جیاواز.

لە ئێستادا، تەنها ئەوەندە بینراوە و چاوەڕوان دەکرێت لە وەشانی داهاتووی کڕۆم بەردەست بکرێت یان بچێتە وەشانەکانی داهاتووتر. شایەنی باسە، تایبەتمەندیەکی هاوشێوە لە وێبگەڕی ئێجی مایکڕۆسۆفت هەیە، کە وەکو خۆم زۆر سودم لێ بینیوە و لە ئاڵۆزی زۆر کردنەوەی تاب ڕزگاری کردووم. بە هیوام بە زوویی لە کڕۆمیش بیبینم.

سەرچاوە :
تاگەکان chrome google
بۆچونی تۆ