هەواڵ
21, تشرینی دووهم 2018
مۆبایلی OnePlus 6 وەشانی تاقیکاری Oxygen OS 7 پێدەگات و تەکنیکێکی نوێ بۆ بەکارهێنەران بەردەست دەکات

کۆمپانیای وەن پڵەس وەشانی تاقیکاری لە Oxygen OS 7ـی بەردەست کرد بۆ بەکارهێنەرانی مۆبایلی OnePlus 6 و تیایدا کۆمەڵێک چاکسازی و گۆڕانکاری لە سیستمەکەدا کراوە لەگەڵ زیادکردنی تایبەتمەندی باشترکردنی ڤیدیۆ و لەرینەوە لە کاتی کۆتایی هاتنی پەیوەندیەکان و کۆمەڵێک چاکسازی دیکە لە ڕووکاری بەکارهێنەر، هەروەها لە نوێکاریەکەدا کۆمپانیای وەن پڵەس تەکنیکی OnePlus Roamingـی زیاد کردووە ئەمەش گرنگترین زیاد کراوەکانی ئەم وەشانەیە.
لە ڕێگای تەکنیکی OnePlus Roamingـەوە چیدیکە بەکارهێنەران پێویستیان بە سیم کارت نابێت بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنێت بەڵکو تەنها لە ڕێگەی ئەم تەکنیکەوە و پاش هەڵبژاردنی پاکێجی خوازراو بەکارهێنەر دەتوانێت بە ئاسانی چالاکیەکانی لە ئینتەرنێتدا ئەنجام بدات، وا بڕیاریشە وەن پڵەس ئەم تەکنیکە بەردەست بکات لە هەموو جیهاندا بەڵام هەتاوەکو ئێستا لیستی ناوچە و وڵاتە پشتگیریکراوەکان و نرخی بەشداریکردنی ڕانەگەیاندووە.

تەکنیکی OnePlus Roaming لە نوێکاریەکەدا و لە ڕێگای ڕێکخستنەکانەوە دەتوانیت چالاکی بکەیت، بە شێوەیەک بە چوونە بەشی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی وای فای دەتوانیت تەکنیکە نوێیەکە لە ڕێگای تەنها دوو هەنگاوەوە و پاش هەڵبژاردنی پاکێجی خوازراو کە ئەمەش نرخەکەی جیاواز دەبێت بە پێی ناوچەکان چالاک بکەیت، شایەنی باسە ئەم نوێکاریە لە ئێستادا تەنها بۆ مۆبایلی OnePlus 6 بەردەستە و پێشبینی دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بۆ مۆبایلی OnePlus 6T و مۆبایلەکانی دیکەی وەن پڵەس بەردەست بکرێن.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.