گووگڵ 22, تشرینی دووه‌م 2018

گووگڵ 13 ئەپی زیانبەخشی لە گووگڵ پلەی سڕیەوە

لە دوای ئەوەی توێژەری ئاسایشی ئەلیکترۆنی کۆمپانیای Eset، لوکاس ستێفانکۆ، ژمارەیەک لە ئەپی زیانبەخشی لەسەر گووگڵ پلەی دۆزیەوە، گووگڵ ئەو ئەپانەی لەسەر کۆگاکەی سڕیەوە. بە گوێرەی جریوەیەک (تویتێک) کە ناوبراو لەسەر هەژماری تویتەرەکەی کردویەتی، ئاماژەی بەو ١٣ ئەپە کردووە و نوسیویەتی ئەم ئەپانە دامەگرن لە گووگڵ پلەی – زیانەواڵەن. واتە ئەپەکان زیانبەخشن.

ئەمانە ١٣ ئەپە زیانبەخشەکەن

ئەو بەکارهێنەرانەی وایانزانیوە کە ئەم یاریانە لە جۆری یاری لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و پیشەسازین، لە جیاتی ئەوە ئەپەکان کە هەر جارێک بەکارهێنەر دەیانکاتەوە خۆکارانە دادەخرێنەوە و بەشێوەیەکی گوماناوی لە پشتەوەی سیستەمەکە کاردەکەن. لە کاتێکدا، ئاشکرا نییە کە ئەم ئەپانە چ کارێکی خەراپ لەناو سیستەمەکە ئەنجام دەدەن، بەڵام لەگەڵ هەرجارێک مۆبایلەکە پێدەکرێت ئەم یاریانە خۆکارانە دەکەونە ئیش و دەسەڵاتی کراوەیان هەیە لە دەست گەیشتن بە زانیارییە نهێنیەکانی ناو ئامێرەکەت.

ئەم ئەپانە دەگەڕێنەوە بۆ یەک گەشەپێدەر بە ناوی Luiz O Pinto، و توێژەرەکەی Eset بۆی دەرکەوتووە کە دۆمەینی پەیوەست بەو ئەپانەوە زیانەواڵە بۆ پەرپێدەرێک بەڕێ دەکات لە ئیستەنبوڵ بە ناوی Mert Ozek، کە ئەم کەسە وەڵامی هیچ کۆمێنت و سەرەنجێکی توێژەرەکەی نەداوەتەوە.

شایەنی باسە، ساڵی ڕابردوو گووگڵ ٧٠٠ هەزار ئەپی زیانبەخشی لە گووگڵ پلەی سڕیەوە. ئەمە بێگومان هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام هێشتا گرنگتر ئەوەیە کە گووگڵ ستراتیژی و میکانزمێکی هەبێت کە هەر لە سەرەتاوە ڕێگە لەو جۆرە ئەپانە بگرێت. تا ئەو کاتەی گووگڵ ڕێگەیەکی وەها جێبەجێ دەکات، ئێمەی بەکارهێنەر پێویستە زۆر بە گوماناوی بین لەو ئەپانەی کە لە لایەن گەشەپێدەری نەناسراوەوە لەسەر گووگڵ پلەی بەردەست کراون.

سەرچاوە :
تاگەکان google PlayStore
بۆچونی تۆ