سامسۆنگ 22, تشرینی دووه‌م 2018

وێنەیەکی دزەپێکراو فراوانی ڕامی گالەکسی S10 دیار دەخات

مانگی ڕابردوو کۆمپانیای شاومی نوێترین مۆبایلی خۆی بە ناوی Mi Mix 3 بە فراوانییەکی زۆری ڕام ئاشکرا کرد کە ئەویش ١٠ گێگابایت ڕام فراوانی بوو. ئەمەش بووە جێی سەرسوڕمانی زۆرێک. ئەگەر تۆ وا دەزانیت ئەم ژمارەیە زۆرە ئەوا بزانە ژمارەیەکی پێشبینیکراوی زۆرتر بەڕێوەیە کە پێشبینی دەکرێت لەسەر مۆبایلەکانی گالەکسی S10ی داهاتوو بێت ئەویش ١٢ گێگابایت فراوانی ڕامە. بە دڵنیاییەوە ئەمە تەنیا لە وێنەیەکدا دەرکەوتووە کە گوایە دزەپێکراوە.

ڕاپۆرتێک ئاماژە بەوە دەکات، سامسۆنگ لە ساڵی داهاتوو گالەکسی S10  ١٢ گێگابایت یان بەلایەنی کەمەوە ١٠ گێگابایت ڕامی دەبێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە وێنەیەکی دزەپێکراوی چینی:

هەرچەندە ئەمە ڕێژەیەکی زۆرە، بەڵام لە ڕابردوودا سامسۆنگ ٨ گێگابایت ڕامی بۆ گالەکسی نۆت ٩ بەکاربردووە کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا ڕێژەیەکی زۆرە. وەک لە وێنەکەدا دیارە جۆرێکی تایبەتی گالەکسی S10 لە تایبەتمەندی DRAMـی وێنەکە هەڵگری ١٢ گێگابایت ڕامە! هەروەها لە مۆبایلەکانی هواوەیش پێشبینی دەکرێت ئەم ڕێژە زۆرەی ڕام بەکارببرێت.

لە ڕاستیدا ئەم ڕێژە فراوانییەی ڕام لە مۆبایلەکانی سامسۆنگ چاوەڕوان ناکرێت و بەڵکو هەمیشە کۆمپانیا چینییەکان دەستپیشخەر بوون لە بەکاربردنی زۆرترین فراوانی ڕام، بۆیە ئەمە زیاتر لە هواوەی چاوەڕوان دەکرێت وەک لە سامسۆنگ و بۆیە لەوانەیە سامسۆنگ لە جیاتی ئەم ڕێژە زۆرەی فراوانی ڕام بەکارببات هەوڵ دەدات تایبەتمەندی بەرزی باشتر لە مۆبایلەکەیدا جێگیر بکات.

تاگەکان گالەکسی هەواڵ
بۆچونی تۆ