ئەپ و نەرمەکاڵا
25, تشرینی دووهم 2018
ئەپی بەناوبانگی تێبینییەکان Evernote بۆ ئەندرۆید دۆخی تاریکی بۆ بەردەست کرا

لەم ساڵانەی دواییدا ئەپەکان تەنها یەک ڕووکاریان نییە، کە بە زۆری لە پێشدا ڕووکاری ڕووناک و سپی بووە، بەڵکو زۆربەیان ڕووکاری تارکیشیان بۆ بەردەست کراوە. بۆ نمونە ئەپەکانی گووگڵ خاوەنی دیزایینی مەتێریاڵن و بە سپی داپۆشراون، بەڵام زۆربەیان دۆخی تاریکیان بۆ بەردەست کراوە و لە لایەن بەکارهێنەرانەوە دڵخوازترینە لە ئێستادا، کە کۆمەڵێک هۆکار لە پشتی بەکارهێنانی ئەم دۆخی تاریکەوەن، وەکو تەمەنی پاتری درێژتر دەکات و چاو دەپارێزێت … هتد.
ئەوەتا دەستەی پەرەپێدەری ئێڤەرنۆوتی بەناوبانگی بواری تێبینیش، بە هەمان شێوە بیریان لە بەکارهێنانی ئەو دۆخە تاریکە لەسەر ئەپەکەیان بۆ ئەندرۆید کردووەتەوە و لە وەشانی ٨.٦ـی بۆ بەکارهێنەران بەردەستیان کردووە، کە چالاککردنی زۆر ئاسانە و لە ڕێگەی لیستی سەرەکیەوە دەتوانیت دۆخی تاریکەکە چالاک بکەیت.

هەروەک لە لایەکی ترەوە، ئەپە ڕکابەرەکانی وەکو Google Keep و OneNote ئەو دۆخەیان بۆ بەردەست نییە لە ئێستادا، بەڵام لێپرسراوێکی گووگڵ ئاماژەی کردووە کە ئەپی Keep بەم زووانە ئەم دۆخەی پێ دەگات، و سەبارەت بە ئەپی وەن نۆوتی مایکڕۆسۆفتیش، ئەوا هیچ زانیاریەک لەو بارەیەوە لە ئارادا نییە.
بۆ داگرتنی دوایین وەشانی ئێڤەرنۆوت لەسەر گووگڵ پلەی کرتە لەم بەستەرە بکە.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!