هەواڵ 26, تشرینی دووه‌م 2018

کۆمپانیای LG بیردەکاتەوە لە بەرهەمهێنانی مۆبایلێک بە 16 کامێراوە

ژمارەی کامێرای مۆبایلەکان لە ساڵی 2018 ڕووی لە زیادبوون کردووە بە هاتنی مۆبایلی P20 Pro و گالەکسی A9 بە چوار کامێرا و Nokia 9ـش دەوترێت خاوەنی 5 کامێرا دەبێت، لە ئێستاشدا وا دیارە ئێڵ جی دەیەوێت مۆبایلێک بەرهەمبهێنێت کە ژمارەی کامێراکانی لە هەر مۆبایلێکی ئێستا زیاتر بێت.

لە بڕوانامەی داهێنانەکەدا هاتووە کە تۆمار کراوە بە ناوی کۆمپانیای ئێڵ جی مۆبایلەکە خاوەنی 16 کامێرا دەبێت لە بەشی پشتەوە کە ڕێکخراوە بە شێوەی تۆڕی 4×4.

هەروەها سەبارەت بە کامێراکان دەوترێت کە بەکارهێنەر دەتوانێت ژمارەی ئەو کامێرایانەی وێنەکەی پێدەچرکێنێت دیاری بکات لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانێت ئەو وێنانەی کە بە چەند کامێرایەکی جیاواز چرکێنراون کۆبکاتەوە لە شێوەی وێنەیەکی جێگیر یان جوڵاو.

لە هەمووی سەرنج ڕاکێشتریش بەکارهێنەر دەتوانیت وێنەی سێڵفی بچرکێنێت بە سەرجەم کامێراکانی پشتەوە ئەمەش لە ڕێگای ئاوێنەیەک یان ڕوونمایەکی دیکەوە دەبێت کە جێگیرکراوە لە بەشی پشتەوەی مۆبایلەکە، سەرەڕای ئەوەش مۆبایلەکە خاوەنی کامێرایە لە بەشی پێشەوە بۆ پەیوەندیە ڤیدیۆیەکان یان چرکاندنی وێنەی سێڵفی ئاسایی.

تاگەکان LG
بۆچونی تۆ