گووگڵ
29, تشرینی دووهم 2018
یوتیوب لە سەرەتای ساڵی داهاتوو کۆتایی بە ڕوونکردنەوە Annotationـە بێزارکەرەکان دەهێنێت

پێموایە ئەگەر یوتیوبتان بەکارهێنابێت، ئەوا ئەو ڕوونکردنەوە پەستکەر و بێزارکەرانەتان بەرچاوکەوتووە کە ڤیدیۆکانیان پێ تەنراوە و داوای زۆر شتی سەیر و سەرمەرە دەکەن، تۆش ناچاریت بە لابردنیان. بەم بۆنەیەوە و لە کۆتایدا، ئەم چاخە بەرەو کۆتاییە، چونکە یوتیوب پێشتر Annotation Editorـی کۆتایی پێ هێناوە و ئێستاش لە پلانیدایە هەرچی ڕوونکردنەوە واتە Annotationـە بێزارکەر و سەرقاڵکەرەکانی سەر ڤیدیۆکان هەیە لەسەرەتای ساڵی داهاتوو ڕێک لە ١٥\١\٢٠١٩ـەوە لایان بدات و کۆتاییان پێ بهێنێت.
بێگومان ئەم تایبەتمەندیە لە زۆر ڕووەوە لەوانەیە سودی هەبووبێت بۆ بەکارهێنەران، بەڵام دواجار ئەزموونی بینەران لە سەیرکردنی ڤیدیۆکان تێک دەدات و لە هەمان کاتیشدا، کاتی خۆی کە یوتیوب ئەم تایبەتمەندیەی ڕاگەیاندووە، مۆبایلی لەبەرچاو نەگرتووە، چونکە ئەم کات مۆبایل لەو ئاستە پێشکەوتووەی ئێستادا نەبوو.
دواتر لە ٢٠١٦، یوتیوب تایبەتمەندی End Screensـی ڕاگەیاند، بۆئەوەی بەکارهێنەران بتوانن لە کۆتایی ڤیدیۆکانیان لینک و ماڵپەڕە و چەندین شتی تر دابنێن بەبێ تێکدانی ئەزموونی بینەر و بێزارکردنیان.
لە کۆتایدا، گووگڵ بۆی دەرکەوتووە کە بەکارهێنانی ئەم ڕوونکردنەوە واتە Annotationـانە لەسەر ڤیدیۆکان بە رێژیە ٧٠% کەمی کردووە، هەر ئەوەش بووە هۆی کۆتایی هێنان بە Annotation Editor، و ئێستاش کۆتایی هێنان بە تەواوی ڕوونکردنەوە Annotationـی سەر ڤیدیۆکان لە سەرەتای ساڵی داهاتووە. ئەگەر دەتەوێ زیاتر تێبگەیت ئەوا لەسەر کۆمپیوتەرەکەت سەیری ئەم ڤیدیۆیە بکە و بزانە مەبەست چییە لە Annotationـەکان.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!