هەواڵ
5, كانونی یهكهم 2018
گەشەپێدەری فۆرتنایت کۆگایەکی نوێ ڕادەگەیەنێت بۆ ڕکابەری کۆگای گووگڵ پلەی

کۆمپانیای Epic Games وا دیارە دەیەوێت کۆگایەکی نوێ ڕابگەیەنێت لەسەر سیستمەکانی ویندۆز و ماک و ئەندرۆید لە داهاتوویەکی نزیکدا بەمەش ڕکابەری کۆگای ستیم دەکات لەسەر ویندۆز و ماک لەگەڵ کۆگای گووگڵ پلەی لەسەر ئەندرۆید، کۆمپانیای ناوبراو هیچ زانیاریەکی دیکەی ئاشکرا نەکرد دەربارەی کۆگا نوێیەکەی بەڵام ئاماژەی بەوەدا زانیاری زیاتر ئاشکرا دەکەن لە کۆنگرەی The Game Awards کە دەبەسترێت لە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوودا.
هەروەها بۆ ڕاکێشانی یاری نوێ بۆ ناو کۆگاکەی، کۆمپانیای ناوبراو پێویستە گەشەپێدەرانی یاریەکان ڕازی بکات لە بارەی دەستکەوتی یاریەکان و شێوازی دابەشکردنی قازانجەکان، هەر بۆیەش لە جێگای ئەوەی ڕێژەی دەستکەوتی لە سەدا 65% بۆ گەشەپێدەر بێت کە لە کۆگای ستیم بەم شێوەیەیە، Epic Games پێشنیاری ڕێژەی لە سەدا 88%ـی قازانجەکان دەکات بۆ هەر یاریەک کە گەشەپێدەران بڵاویدەکەنەوە لە کۆگاکەدا، شایەنی باسە Epic Games گەشەپێدەری یاری بەناوبانگی فۆرتنایتە و لە ماوەی ڕابردووشدا بە هۆکاری بەردەستنەکردنی بۆ یاریەکە لە کۆگای گووگڵ پلەی ڕووبەڕووی ڕەخنەی زۆر بوویەوە.
هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.