سۆنی
5, كانونی یهكهم 2018
سامسۆنگ فێڵ لە بەکارهێنەرانی دەکات و وێنەی ساختەیان پیشان دەدات

هەموو بەکارهێنەران یاخود زۆرینەیان ئارەزووی کامێرایەکی ئاست بەرز دەکەن لەو مۆبایلانەی کە دەیانەوێت بیکڕن و دڵخوازە لە لایان، بەڵام لە ئێستادا وا دیارە نابێت بڕوا بکرێت بە نموونەی وێنە چرکێندراوەکانی کۆمپانیاکانی دروستکەری مۆبایل، بە هۆکاری ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا و بۆ چەندین جار کۆمپانیاکانی دروستکەری مۆبایل هەستاون بە بەکارهێنانی کامێرای پێشکەوتوو بۆ چرکاندنی نموونەی وێنەی مۆبایلەکانیان ئەمەش لە ماوەی ڕابردوودا بینیمان لە کۆمپانیای هواوەی و چەند کۆمپانیایەکی دیکەدا.
بەڵام لە ئێستادا و بۆ جارێکی دیکە کۆمپانیای سامسۆنگ وێنەیەکی ساختە بەکاردەهێنێت بۆ ڕیکلام کردن بۆ مۆبایلی Galaxy A8 Star لە پێشووتریشدا Samsung Brasil کارێکی لەم شێوەیەی ئەنجامدابوو و تیایدا وێنەیەکی چرکێنراو بە کامێرایەکی پێشکەوتووی وەک نموونەی وێنەیەکی چرکێنراو بە مۆبایلی Galaxy A8 بڵاوکردبوویەوە و دەتوانن لەم بابەتەوە زانیاری زیاتر لەم بارەیەوە بزانن (سامسۆنگ ڕیکلامی ساختەی پێشکەشی هەوادارانی کردووە).
سامسۆنگ لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی Samsung (هۆنگ کۆنگ) هەستاوە بە پیشاندانی چەند وێنەیەک کە وا پیشانی دەدات چرکێنرابن بە مۆبایلی Galaxy A8 Star، خاوەنی ڕاستەقینەی وێنەکە پاش ئەوەی هەستی بەوەکرد کە یەکێک هەستاوە بە کڕینی وێنەکەی لە ماڵپەڕی Getty، گەڕانێکی ئەنجامدا بۆ وێنەکە و یەکەم کاردانەوەشی پێکەنینی بووە بە وێنەکە بە هۆکاری گۆڕانکاری کردن لە ڕەنگی چاو و قژی ئەو کچەی لە وێنەکەدایە، هەرچۆنێک بێت سامسۆنگ بە ڕێگایەکی یاسایی هەستاوە بە کڕینی وێنەکە ئەمەش هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و دەتوانێت بەکاریبهێنێت بەڵام بەکارهێنانی بۆ ڕیکلام کردن بۆ مۆبایلەکانی ئەمە جێگای گاڵتەیە و دەبێتە هۆکاری لە دەستدانی متمانەی لە لای بەکارهێنەراندا.

هاوژین یونس
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.