گووگڵ
6, کانوونی یەکەم 2018
گووگڵ ئەپی Alloـی چات و گفتوگۆکردن بە یەکجاری دەوەستێنێت

لە هەنگاوێکی چاوەڕوانکراوی کۆمپانیای گووگڵدا، دوێنێ بە فەرمی ڕایگەیاند کە ئەپی ئالۆی چات و گفتوگۆ بە تەواوی لە مانگی ٣ی ساڵی داهاتوو ڕادەگرێت. ئەم هەنگاوەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕاگرتنی وەبەرهێنان لەو ئەپەدا لە مانگی ٤ی ئەمساڵەوە و پێدانی هەل بە بەکارهێنەران بە گۆڕینی ئەو ئەپە بە ئەپێکی تری دڵخوازی خۆیان یان گۆڕینی بە ئەپێکی تری گووگڵ بۆ چات و گفتوگۆ، ئەمە لە کاتێکدا بەڕێوەبەری گروپی پەیوەندییەکان لە گووگڵ، Anil Sabharwal، دەڵێت لە پاش کۆتایی هێنان بە ئالۆ نەگەیشتۆتە هیچ ئەنجامێک لە بەکارهێنانی ئەپێکی تری جێگرەوەی ئەپی ناوبراو.
بێگومان مەبەستی سەرەکی گووگڵ لە وەستاندنی ئەم خزمەتگوزارییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەوان دەیانەوێت زیاتر پەرە بە ئەپی Messagesـی ئەندرۆید بدەن و بتوانن لەگەڵ داواکارییەکانی بەکارهێنەران هەنگاو بنێن، و ئەمەشیان بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی پەیوەندی لەسەرتاسەری جیهان ئەنجامداوە. هەروەک دەیانەوێت هەریەک لە ئەپەکانی Hangouts Meet و Hangouts Chat بۆ گشت لایەک لە داهاتوودا بەردەست بکەن و لە ئاستێکی کلاسیکیەوە بەرزیان بکەنەوە بۆ ئاستێکی مۆدێرنتر تا گووگڵیش لە بازاڕی ئەپەکانی چات و گفتوگۆ دانەبڕێت.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ١٤ ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!