هەواڵ 11, كانونی یه‌كه‌م 2018

وەن پڵەس مۆبایلی OnePlus 6T McLaren Editionـی بە ڕامی 10 گێگابایتەوە ڕاگەیاند

وەک بەشێک لە ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ کۆمپانیای McLaren، ئەمڕۆ بە فەرمی کۆمپانیای وەن پڵەس مۆبایلە نوێیەکەی ڕاگەیاند ئەویش OnePlus 6T McLaren Editionـە، مۆبایلەکە لە ڕووی دیزاینەوە تا ڕادەیەک بیری مۆبایلی Oppo Find X Lamborguini Editionـمان دەخاتەوە بە شێوەیەک لە ڕووکاری پشتەوەی مۆبایلەکە داپۆشراوە بە چینێک لە ڕەنگی ڕەشی درەوشاوە و لاتەنیشت و لێوارەکانیشی بە ڕەنگی پرتەقاڵی داپۆشراوە و لە کاتی بەرکەوتنی بۆ ڕووناکی دەدرەوشێتەوە، سەبارەت بە لۆگۆی McLaren ئەوا بە هەمان شێوە لە کاتی بەرکەوتنی بۆ ڕووناکی بە چەند ڕەنگێکی جیاواز دەدرەوشێتەوە.

OnePlus 6T McLaren Edition

لەگەڵ ڕەنگی نوێ و دیزاینە نوێیەکەدا کۆمپانیای وەن پڵەس تەکنیکێکی نوێی ڕاگەیاند بۆ بارگاویکردنەوەی مۆبایلەکە کە بە OnePlus Warp Charge ناوی دەبات، لە ماوەی پێشووتردا ئاماژەمان بەوە کردبوو کە خێرایی بارگاویکردنەوەی ئەم تەکنیکە 50 وات دەبێت ئەمەش بە پێی هەندێک لە پێشبینیەکان و هەواڵە دزەپێکراوەکان بوو بەڵام وا دیارە ڕاست نەبوو چونکە تەکنیکە نوێیەکە بە خێرایی 30 وات مۆبایلەکە بارگاوی دەکاتەوە، واتە بە تەنها بارگاوی کردنەوەی بۆ ماوەی 20 خولەک ڕێژەی لە سەدا 50%ـی پاتری مۆبایلەکە بارگاوی دەبێتەوە.

مۆبایلەکە لە ڕووی تایبەتمەندییەوە جیاوازییەکی وای نییە لەگەڵ جۆری ئاسایی لە OnePlus 6T تەنها ئەوە نەبێت ڕەنگی وایەری بارگاویکەرەوەی مۆبایلەکە پرتەقاڵیە و هەروەها خوودی مۆبایلەکەش کاردەکات بە ئەندرۆید پای 9.0 بە ڕووکاری Oxygen OS 9.0.5.

گرنگترین تایبەتمەندییەکانی:-

  • ڕوونما: لە جۆری Optic AMOLED و بە قەبارەی 6.41 ئینج و بە ڕوونی 1080×2340 پێکسڵ و بە دووری 19.5:9 و پارێزراوە بە چینێک لە نوێترین شوشەی پارێزەری Corning Gorilla Glass 6.
  • پڕۆسێسەر: Snapdragon 845
  • ڕام: 10 گێگابایت.
  • بیرگە: 256 گێگابایت و پشتگیری لە بیرگەی دەرەکی ناکات.
  • کامێرای پێشەوە: 16 مێگاپێکسڵ.
  • کامێرای پشتەوە: دوو کامێرا بە ڕوونی 16+20 مێگاپێکسڵ.
  • توانستی پاتری: 3700 ملی ئەمپێر و پشتگیری لە بارگاویکەرەوەی خێرا Warp Charge دەکات بە خێرایی 30 وات.
  • سیستمی وەگەڕخەر: ئەندرۆید پای 9.0 بە ڕووکاری Oxygen OS 9.0.5.
  • پاراستن: هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما.
  • نرخ: 699$ دۆلار.
  • بەرواری بەردەستبوون: 13/12/2018
بۆچونی تۆ