ئای ئۆ ئێس
11, كانونی یه‌كه‌م 2018
ئینسته‌گرام تایبه‌ندمه‌ندی كورته په‌یامی ده‌نگی زیاد كرد بۆ تۆڕەکەی

ئینسته‌گرام له‌م ماوه‌یه‌ی دوایدا گرنگییه‌كی زیاتر به به‌شی نامەکانی تۆڕه‌كه‌ی داوە، هه‌روه‌كو له‌ماوه‌ی پێشوودا په‌یوه‌ندی ڤیدیۆیی و ناردنی وێنه جوڵاوه‌كان (GIF) و چه‌ند تایبهندمهندییهكی تری بۆ ئەم به‌شە زیادكرد.
هاوشێوه‌ی ڤایبه‌ر و مێسنجه‌ر و تۆڕه‌كانی دیکە، ئه‌مڕۆ ئینسته‌گرام تایبه‌تمه‌ندی كورته په‌یامی ده‌نگی بۆ به‌شی دایرێكتی تۆڕه‌كه‌ی زیادكرد كه ڕێگه به به‌كارهێنه‌ران ده‌دات په‌یامه ده‌نگییه‌كانیان له چاتهكانیاندا به‌كاربهێنن.
ناردنی كورته په‌یامه ده‌نگییه‌كان له‌ڕێگای كرته كردنی دوگمه‌ی وێنۆچكه‌ی مایكرۆفۆن له‌سه‌ر شریتی نووسین ئه‌نجام ده‌درێت، ده‌توانرێت له‌دوای كرته كردن له دوگمه‌كه ده‌ست بۆ سه‌ره‌وه ببه‌یت بۆ ئه‌وه‌ی به‌بێ هێشتنه‌وه‌ی په‌نجه‌ت له‌سه‌ر دوگمه‌كه ده‌نگ تۆمار بكات (قفڵی بكات).
هه‌روه‌ها ده‌توانرێت ئه‌و ده‌نگه‌ی كه تۆماركراوه له‌ڕێگای په‌نجه‌بردن بۆ ده‌سته چه‌پ تۆماره ده‌نگییه‌كه بسڕیته‌وه و ڕێگری بكه‌یت له ناردنی، ماوه‌ی سنوورداری تۆماركردنی ده‌نگ ١ خوله‌كه. تایبهندمهنییهكه بۆ به‌شێكی زۆری به‌كارهێنه‌رانی ئینسته‌گرام له هه‌ردوو سیسته‌می iOS و Android به‌رده‌ستكراوه.
ئه‌گه‌ر یه‌كێكیت له‌وانه‌ی كه تاكو ئێستا تایبهندمهندییهكهت بۆ زیاد نه‌كراوه، ئه‌وا چاوه‌ڕێ بكه تاوه‌كو خودكارانه دوگمه‌ی مایكرۆفۆنهكهت بۆ زیاد ده‌كرێت له‌سه‌ر شریتی نووسین.

ماکوان بەرزان
نووسەری پێشکەوتوو، هەوادار و گەشەپێدەری سەکۆکانی ئەپڵ.