هەواڵ 12, كانونی یه‌كه‌م 2018

بە تێپەڕبوونی کات هەستەوەری پەنجەمۆری ژێڕ ڕوونما لە OnePlus 6Tـدا خێراتر دەبێت + چۆنیەتی کارکردنی

یەکێک لە تایبەتمەندیە سەرەکیەکانی مۆبایلی OnePlus 6T پشتگیری کردنیەتی بۆ هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما، ئەم تەکنیکە نوێیەش وەک هەڵبژاردەیەکە بۆ ئەو کۆمپانیایانەی دەیانەوێت ڕوونما بەشێکی زیاتری مۆبایلەکە داگیر بکات یان نایانەوێت هەستەوەری پەنجەمۆر جێگیر بکەن لە بەشی پشتەوەی مۆبایل، لەم بارەیەوە هەندێک لە تاقیکردنەوەکان ئەوەیان ئاشکرا کردووە کە هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما خێراییەکەی هەندێک کەمترە بە بەراورد بە هەستەوەری پەنجەمۆری ئاسایی، بەڵام کۆمپانیای وەن پڵەس لەم بارەوە دەڵێت مۆبایلە نوێیەکەیان کە OnePlus 6Tـە بەو جۆرە نییە.

وەن پڵەس لە سەکۆ فەرمیەکەی خۆیدا و دیاریکراوتر بڵێین لە بڵاوکراوەیەکیدا هەستاوە بە ڕوونکردنەوەی تایبەتمەندیەکانی هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونماکەیان و دەڵێت بە تێپەڕبوونی کات و لەگەڵ بەکارهێنانی زیاتری بەکارهێنەر بۆ هەستەوەرەکە خێراییەکەی زیاد دەکات، هەروەها بە پێی وتەی ئەندازیاری پڕۆگرامساز Yale Liu لەم بارەوە دەڵێت:-

لە هەر جارێک بەکارهێنەر سەرکەوتوو دەبێت لە کردنەوەی مۆبایلەکەی لە ڕێگای مۆری پەنجەیەوە ئەوا هەستەوەرەکە هەڵدەستێت بە تۆمارکردنی ئەو ناوچانەی پەنجەکە کە تۆمار نەکراون لە کاتی ڕێکخستنی سەرەتایی پەنجەمۆرەکەدا و پاش ئەمەش زانیاریە نوێیەکانی مۆری پەنجەی بەکارهێنەر لەسەر مۆبایلەکە تۆماردەکات ئەمەش وا دەکات زیاتر پارێزراو بێت، هەر بۆیە لەگەڵ بەکارهێنانی پەنجەمۆردا هەستەوەرەکە هەڵدەستێت بە کۆکردنەوەی زانیاری زیاتر لە بارەی مۆری پەنجەی بەکارهێنەر و لە ئەنجامیشدا ئەمە دەبێتە هۆکاری خێراتر کردنەوەی مۆبایلەکە.

لەگەڵ ئەوەشدا Yale Liu ئاماژەی بەوەدا سیستمەکە هەڵدەستێت بە ناسینەوەی مۆری پەنجەی بەکارهێنەر لە کاتی دروستبوونی گۆڕانکاریەک تیایدا، بە نموونە کاتێک بەکارهێنەر پەنجەی بریندار دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی مۆرەکە یان لە کاتێک پەنجەی بەکارهێنەر تەڕ بووە، ئەوا ڕاستەوخۆ سیستمە ئەم زانیاریانە کۆدەکاتەوە و زیادی دەکات بۆ خوارزمیەکان هەتاوەکو لە داهاتوودا مۆبایلەکە بە شێوەیەکی باشتر و خێراتر لە پێشوو بکرێتەوە.

تاگەکان OnePlus 6T
بۆچونی تۆ