گووگڵ 15, كانونی یه‌كه‌م 2018

لەمەودوا بزوێنەری گووگڵ فێری خوێندنەوەی وشەکانت دەکات بە شێوەزاری جیاوازیشەوە

شتێک کە لە گەشەسەندن ناوەستێت، هەوڵە بەردەوامەکانی گووگڵە بۆ ئاسانترکردنی ژیانی خەڵکی لەو بوارانەی کە کۆمپانیاکانی تر پەیان پێ نەبردووە تا ئێستا. ئەم هەوڵانەش بەردەوامن و ئەوەتا لە ئێستادا تایبەتمەندیەک تاقیدەکاتەوە تا خوێندنەوەی وشە ئینگلیزییەکان ئاسانتربکات و بە شێوەزاری جیاوازیش، ئەمەش بۆ ئەوەی شێوەی دروستی خوێندنەوەی وشەکان فێربیت و لە هەڵە دوورکەویتەوە.

ئەم تایبەتمەندیە نوێیەی گووگڵ هاوکاریەکی نایابە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت وشەی نوێ فێرببن و بتوانن ئاسان لە ڕێگەی گووگڵەوە گوێبیستی خوێندنەوەی وشەکە بن، کە لەگەڵیدا گووگڵ خوێندنەوەی وشەکانی بە هێواشتریش بەردەست کردووە. ئەمە سەرباری ئەوەی بە شێوەزاری جیاوازیش بەردەستکراوە. بۆ نمونە، گووگڵ هاوکارت دەبێت لە خوێندنەوەی وشە ئینگلیزییەکان بە شێوەزاری بەڕیتانی و ئەمریکی و ئوستراڵی، ئەمەش واتای وایە دەتوانیت شێوەی خوێندنەوەی مەبەست فێرببیت.

بێگومان ئەم جۆرە زیادکردنانە یارمەتیدەری بەردەوام ئەمەش بەهۆی ئاسانی بەکارهێنانیەوە، چونکە ڕێژەیەکی زۆر لە وشە هەن سەخت دەخوێندرێنەوە و دەردەبڕدرێن و لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی تر جیاوازن، ئینگلیزی وەک نمونە کە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر زۆر وشە هەیە گۆڕانکاری بەسەردا دێت یان ڕووسی یان پرتوگالی و چەندین وڵاتی تریش.

شایەنی وەبیرهێنانەوەیە، ئەم تایبەتمەندییە تەنها بۆ زمانی ئینگلیزی بەردەستە لە ئێستادا و لە لای چەند بەکارهێنەرێک بەردەست کراوە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بەم زووانە بە بەکارهێنەری زیاتریش بگات و زمانی تریشی بۆ زیادبکرێت.

سەرچاوە :
تاگەکان google
بۆچونی تۆ