ئەپ و نەرمەکاڵا 17, كانونی یه‌كه‌م 2018

ئەپی MNML Screen Recorder بۆ تۆمارکردنی ڕوونمای مۆبایلەکەت بۆ ئەندرۆید دابگرە

کاتێک دێتە سەرباسی تۆمارکردنی ڕوونمای مۆبایل، ئەوا بژاردەیەکی زۆر لە ئەپ لەسەر کۆگای گووگڵ پلەی بەردەستن بۆ ئەم کارە، کە لە ڕێگەیانەوە بەکارهێنەر دەتوانێت پشتیان پێ ببەستێت بۆ ئەو کردارە، بەڵام لە ڕاستیدا زۆربەی ئەو ئەپانە ڕیکلامی بێزارکەریان تێدایە، و هەندێکیشیان پێویستە لەناوخۆدا کڕین ئەنجام بدەیت بە مەبەستی چالاککردنی گشت تایبەتمەندییەکانی.

بە پشت بەستن بەم هۆکارە، ئەپی MNML Screen Recorder پەرەی پێدراوە و هیچ ڕیکلامێک و کڕینێکی ناوخۆیی لە خۆی ناگرێت، و خاوەنی ڕووکارێکی سادەیە و ئاسانە بۆ بەکارهێنان. ئەوەی مایەیی خۆشحاڵییە بێ بەرامبەرە.

سەبارەت بە بەکارهێنانیشی، بە هەمان شێوەی زۆربەی ئەپەکانی ئەم بوارە کاردەکات، کە لەگەڵ دەستپێکردن بە تۆمارکردنی ڕوونمای مۆبایلەکەت، ڕاستەوخۆ بژاردەی وەستاندنی تۆمارەکە بە تەواویی و بە شێوەی کاتی لە ئاگاهییەکان واتە Notifications دەردەکەوێت، هەروەک تایبەتمەندی هەڵگرتنی خۆکارانەی تۆمارەکەی هەیە لە یەکێک لە ڕاژە هەورییەکانی وەکو گووگڵ درایڤ و هاوشێوەکانی.

ئەپی MNML Screen Recorder لە کۆگای گووگڵ پلەی بەخۆڕایی دەست دەکەوێت و کرتە بکە بۆ داگرتنی. شایەنی ئاماژەیە، ئەپەکە لە سەرەتاکانی پەرەپێدانی دایە و لەوانەیە وەستانی لە ناکاو ڕووبدات و لە هەمان کاتیشدا ناجێگیری لە ئەپەکە بەدی بکرێت.

بۆچونی تۆ