گەرمترین 18, كانونی یه‌كه‌م 2018

یەکەم مۆبایلی جیهان بە Snapdragon 855 و ١٢ گێگابایت ڕام ڕاگەیەندرا

ئەمڕۆ کۆمپانیای لێنۆڤۆی چینی لە بۆنەیەکی تایبەتدا مۆبایلی Z5 Pro GTی ڕاگەیاند و مۆبایلەکەش یەکەمی جیهانە لە لەخۆگرتنی ٢ پێکهاتەی گرنگ کە بریتین لە پڕۆسێسەری Snapdragon 855 و ١٢گب ڕام!

هەروەک چۆن پێکهاتەکانی مۆبایلەکە پێشکەوتوو و خێران، دیزاینی مۆبایلەکەش وەک ئەوەیە لە ئۆتۆمبێلێکی وەرزشی خێرا وەرگیرابێت، پشتێکی شووشەی ڕەش کە نەخشەکەی شێوەی کاربۆن فایبەر دەنوێنێت و بوونی ڕەنگی سوور لە چەند جێگایەک شێوەیەکی جوان دەبەخشنە مۆبایلەکە.

زۆرینەی تایبەتمەندییەکانی مۆبایلەکە هاوشێوەی Z5 Proی ئاسایین کە مانگی پێشوو ڕاگەیەندرا، مۆبایلەکە سکە واتە Sliderـی هەیە، کە لەم دواییە بووەتە شێوە دیزاینێکی باو، بەتایبەتیش لەناو کۆمپانیا چینییەکان.

ڕوونمای مۆبایلەکە ٦.٣٩ ئینجە بە ڕوونی +FullHD لە جۆری Super Amoled، بە شێوەیەک کە بوونی سکە لە مۆبایلەکە یارمەتیدەربووە لە لابردنی ڕاگر(نۆچ) و دانانی کامێرای پێشەوە لەسەر سکەکە.

ئەم مۆبایلە خاوەنی چوار کامێرایە، دووانیان لەسەر پشتەوەیەتی بە ڕوونی ١٦ مێگاپێکسڵ و تیرەی چاوی 8.f/1 و قەبارەی پێکسڵی ١.٢٢ مایکرۆمەتر بۆ هاوێنە سەرەکییەکە و ٢٤ مێگاپێکسڵ و تیرەی چاوی f/2.8 و قەبارەی پێکسڵی ٠.٩ مایکرۆمەتر بۆ هاوێنەکەی تر، هەروەک دوو دانەش لە پێشەوەی هەیە بە ڕوونی ١٦+٨ مێگاپێکسڵ. هەروەها ئەم مۆبایلە خاوەنی هەستەوەری پەنجەمۆر نییە لەسەر پشتەوەی بەڵکو لە ژێر ڕوونمایە لەسەر پێشەوەی مۆبایلەکە.

سیستەمی وەگەڕخەری جێگیرکراو لەسەر ئەم مۆبایلە ئەندرۆید ٨.١ ئۆریۆیە بە ڕووکاری ZUI 10 و فراوانی پاترییەکەی ٣٣٥٠ میللی ئەمپێر.کاتژمێرە.

ڕؤژی ١٥ی مانگی داهاتوو داواکاری پێشوەختە و ٢٤ی هەمان مانگ فرۆشتن لە چین دەست پێدەکات بەم نرخانە:

٣٩٠ دۆلار بۆ ٦گب ڕام/١٢٨گب بیرگە

٤٣٥ دۆلار بۆ ٨گب ڕام/١٢٨گب بیرگە

٤٩٣ دۆلار بۆ ٨گب ڕام/٢٥٦گب بیرگە

٦٤٠ دۆلار بۆ ١٢گب ڕام/٥١٢گب بیرگە

 

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ