رەقەکاڵا

ڕێبەرێک دەربارەی پڕۆسێسەرەکانی Core i5 و Core i7 و ئەو لاپتۆپانەی لە خۆیان دەگرن

پڕۆسێسەر یاخود CPU یەکێک لە گرنگترین پێکهاتەکانی هەر کۆمپیوتەرێک، لاپتۆپ بێت یان دێسکتۆپ، و هەریەک لە زنجیرەکانی Core i5 و Core i7ی Intel لە باوترین جۆرەکانن لە ئێستادا، بەڵام ئەم دوو ناوە بە چ واتایەک دێن؟ ئایا هەموو Core i5ـێک وەکو یەکە؟ ئایا مەرجە هەموو Core i7ـێک لە هەرچی Core i5ـە بەهێزتربێت؟ ئایا ئەو Core i7ـەی لە لاپتۆپێکی وەک Acer Swift 7 کە هێندەی مۆبایلێک تەنکە بوونی هەیە هەمان هێزی Core i7ـێکی هەیە کە  لە لاپتۆپێکی قەبە و ئەستوور و قورسی تایبەت بە یارییە ڤیدیۆییەکان کە کێش و ئەستووری ٣ هێندەی Swift 7ـەکەیە هەیە؟ وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە نەخێرە!

هەریەکە لە پڕۆسێسەرەکانی Core i5 و Core i7ی تایبەت بە لاپتۆپ لە ساڵی ٢٠٠٩ـوە تاوەکو ئێستا ٨ نەوەیان لێ دەرچووە و لە هەر نەوەیەکی نوێدا هەوڵ دەدرێت هێز زیادبکرێت و بەکارهێنانی وزە کەم بکرێتەوە.

گرنگترین وردەکاری کە پێویستە بزانرێت ئەوەیە کە چەند زنجیرەیەکی جیاواز لەم پڕۆسێسەرانە هەیە بەپێی بەکاربردنی وزە و هێزیان، ئەوانیش لە ئێستادا بریتین لە:

زنجیرەی Y: کەمترین هێز و بەکاربردنی وزە

زنجیرەی U: هێز و بەکاربردنی وزەی مام ناوەند

زنجیرەی H: زۆرترین هێز و بەکاربردنی وزە

پێویستە بزانین کە پڕۆسێسەری بەهێزتر وزەی زیاتری دەوێت و بەمەش گەرمی زیاتر بەرهەم دەهێنێت، پێداویستی زیاتری دەوێت بۆ ساردکرنەوە ،وەک پانکە و دەرچەی هەوا، پاتری فراوانتر و بارگاویکەرەی بەتواناتری دەوێت. بۆیە بەکارهێنانی پڕۆسێسەرێکی زنجیرەی H بۆ نموونە هەروا سادە نییە و لایەنی نەرێنی خۆی هەیە، مەرجیش نییە لاپتۆپێک بکڕیت کە پڕۆسێسەرێکی H لە خۆبگرێت تەنانەت ئەگەر پارەیەکی زۆریش بە لاپتۆپەکە بدەیت! پێویستە بەپێی بەکارهێنانت هەڵبژێریت، چونکە لەوانەیە کارەکەی تۆ هێزێکی زۆری نەوێت، ئیتر چ پێویست دەکات هەندێک لایەنی وەک ئاسانی هەڵگرتن و تەمەنی پاتری بکەیتە قوربانی هێزێکی زۆر کە هەر پێویستیشت پێی نییە؟!

١-زنجیرەی Y: ئەو لاپتۆپانەی پڕۆسێسەری ئەم زنجیرەیە لە خۆدەگرن “ئێجگار دەگمەنن” لە کوردستان و خواست لەسەریان زۆر زۆر کەمە، زنجیرەی Y وزەیەکی ئێجگار کەم بەکاردەبەن و بە گشتی ناوکی کەم بە لەرەلەر (Frequency) نزم لە خۆدەگرن. پڕۆسێسەرەکانی Core i5-8200Y و Core i7-8500Y تەنها ٥ وات وزە و Core i5-8210Y تەنها ٧ وات وزە بەکاردەبەن، و تەنانەت دەتوانرێت بەبێ بوونی پانکە کاربکەن! زیاتر لەسەر ئەو لاپتۆپانە جێگیر دەکرێن کە قەبارەی ڕوونمایان لە ١٠ تا ١٣ ئینجە و زۆر بە دەگمەن لە لاپتۆپی ١٤ ئینج و ١٥ ئینج بەکاردێن و بەهۆی کەم بەکاربردنی وزە هاوکارن بۆ هەبوونی تەمەنی پاتری نایاب.

پڕۆسێسەرەکانی ئەم زنجیرەیە زیاتر لە لاپتۆپە زۆر تەنک و کەشخەکان و ئەو لاپتۆپانە بەکاردێن کە وەک تابلێتیش بەکاردێن و زیاتر گونجاون بۆ ئەو بەکارهێنەرانەی ئامادەن پارەیەکی باش بدەن بەو لاپتۆپەی دەیکڕن، و کارەکانیان سادەن و هێزێکی زۆریان ناوێت وەک کارکردن لەسەر فایلی نوسین و سەیرکردنی فیلم و بەکاربردنی ئاسایی ئینتەرنێت. ئەوان گونجاو نین بۆ کاری قورسی وەک یاریکردن و کاری ئەندازیاری و گرافیک دیزاین…هتد.

نموونە:

Asus Zenbook 3 UX390UA

Apple Macbook Air 2018

Dell XPS 13 2 in 1

Acer Swift 7

٢-زنجیرەی U: بڵاوترین زنجیرەیە و لە لاپتۆپی پلاستیکی سادەی خاوەن بیرگەی HDD و ڕوونمای جۆرایەتی نزمی هەرزانەوە بەکاردێت تاوەکو کەشخەترین و باشترینی لاپتۆپەکان، کە نرخیان ئێجگار زۆرە و خاوەن خێراترینی SSDیەکان و باشترین لاشە کانزاکانن. گونجاوە بۆ زۆرینەی بەکارهێنەران و پڕۆسێسەرەکانی بە ژمارەی ناوک و لەرەلەری مام ناوەندەوە ئاستێکی مامناوەند پێشکەش دەکەن، پڕۆسێسەرەکانی زنجیرەی U زۆرینەیان ١٥ وات وزە بەکاردێنن، وەک:

Core i5-8250U

Core i5-8265U

Core i7-8550U

Core i7-8565U

پڕۆسێسەرەکانی Core i5-8259U و Core i7-8559U تەنها ٢٨ وات وزە بەکاردێنن و بە ڕاددەیەکی بەرچاو بەهێزترن و لە Macbook Pro 13 2018 بەکاردێن.

ئەگەر لە کۆلێژی ئەندازیاری دەخوێنیت یاخود گرافیک دیزاینەریت یانیش فۆتۆگرافەری و پارەکەت تەنها ٤٠٠ بۆ ٧٥٠ دۆلارە، ئەوا بێگومان دەبێت کڕیاری ئەم زنجیرەیە بیت. کاتێک پارەکەت زیاتر لە ٧٥٠ دۆلارە ئەگەر گەڕانێکی باش بکەیت هەندێک لاپتۆپی خاوەن Core i5ی زنجیرەی H دەدۆزیتەوە کە بێگومان بەهێزترن، بەڵام هێشتا دەتوانیت لەبری ئەوان لاپتۆپی ئاست بەرزتری خاوەن پڕۆسێسەری زنجیرەی U بکڕیت، ئەمە ئەگەر دەزانیت هێزێکی ئێجگار زۆرت پێویست نییە، چونکە بە گشتی بە بەراورد بە لاپتۆپی خاوەن زنجیرەی Hی هاونرخیان تەمەنی پاتری و جۆرایەتی ڕوونما و لاشەیان باشترە، تەنانەت ئەگەر بچیتە سەروو ١٠٠٠ دۆلاریش هێشتا زنجیرەی U هەڵبژاردەی نایابی هەیە بۆت! لەو بازنەی نرخەدا دەتوانیت تایبەتمەندی نایابی وەک لاشەی تەواو دروستکراو لە کانزا و گرافیکی دەرەکی لە لاپتۆپی ١٤ و ١٣ ئینج و ڕوونمای نایاب و لەمس و تەمەنی پاتری نایاب بەدەست بهێنیت.

نموونە:

Dell Inspiron 5570

Hp Pavilion 14

Apple Macbook Pro 13

Dell XPS 13

Microsoft Surface Book 2

٣-زنجیرەی H: بەهێزترین زنجیرەیە و پڕۆسێسەرەکانی بە ژمارەی بەرزی ناوک و لەرەلەر ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکەن. زیاتر لە لاپتۆپە تایبەتەکان بە یارییە ئەلیکترۆنییەکان و لاپتۆپە Proیەکان بەدی دەکرێت، هەرچەندە خودی پڕۆسێسەرەکان گران نین لە کاتی کڕینیان لە لایەن کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری لاپتۆپەکان، بەڵام بەهۆی پێویستییان بە پانکەی بەهێز و بارگاویکەرەوەی بەتوانا و بەهۆی ئەوەی هەمیشە ئەو لاپتۆپانەی ئەم پڕۆسێسەرانە لەخۆ دەگرن گرافیک کاردی ئاست مامناوەند بۆ بەرزیش لەخۆ دەگرن، ئەوا لە کۆتاییدا لاپتۆپەکان نرخێکی گرانیان دەبێت. پڕۆسێسەرەکانی ئەم زنجیرەیە بە زۆری لە لاپتۆپی ١٥ ئینج و ١٧ ئینجدا بوونیان هەیە و لە حاڵەتی زۆر دەگمەنی وەک لاپتۆپی Alienware 13 و لە لاپتۆپی بچوکتر بەدی دەکرێن.

لاپتۆپەکانی ئەم زنجیرەیە لە نموونەی Core i5-8300H و Core i7-8750H تەنها ٤٥ وات وزە بەکاردەهێنن و نایابن بۆ کارە قورسەکانی ئەندازیاران و فۆتۆگرافەران و گرافیک دیزاینەران. لاپتۆپە ئاست نزم و هەرزانەکانی ئەم زنجیرەیە کە لە خوار ١٠٠٠ دۆلارن بە گشتی خاوەن تەمەنی پاتری لاواز و گرافیک کاردی مامناوەند و لاشەی پلاستیکی قورس و ڕوونمای جۆرایەتی نزمن،

نموونە:

Dell G3

HP Pavilion Gaming

کاتێک دەچیتە سەروو ١٠٠٠ دۆلار تووشی دووڕیانێک دەبیت و پێویستە خۆت یەکلایی بکەیتەوە، ئەگەر شەیدای یارییە ئەلیکترۆنییەکانیت ئەوا دەبێت پارە زیادەکەت لە گرافیک کاردی بەهێزتر و پانکەی بەتواناتر و ڕوونمای ١٤٤ هێرتز خەرج بکەیت، نموونە:

Dell G7

HP Omen Series

MSI GL Series

Acer Predator Helios 300

ئەگەریش کارێکی دیکەت بە لاپتۆپەکەت هەیە دەتوانیت پارەکە لەپێناو تەمەنی پاتری باشتر و لاشە و ڕوونمای جۆرایەتی بەرزتر و لەمس و کێشی کەمتر و بیرگەی SSD خەرج بکەیت، نموونە:

Dell XPS 15

Acer Aspire 7

(Asus Zenbook Pro 15(UX550

کاتێکیش دەچیتە سەروو ١٥٠٠ و بەتایبەتتر ٢٠٠٠ دۆلار دەتوانیت زۆرینەی تایبەتمەندییە نایابەکان لە یەک لاپتۆپدا کۆبکەیتەوە، نموونە:

Razer Blade 15

MSI GS65 Stealth Thin

Gigabyte Aero 15

پڕۆسێسەرەکان جۆریان زۆرە و لێک جیاکردنەوەی تەواویان بۆ کەسێکی ئاسایی، کە خولیای تەکنەلۆژیای نییە، ئاسان نییە. واباشە لە کاتی کڕینی لاپتۆپدا پرسیار لە هاوڕێ و کەسە نزیکەکانت بکەیت کە شارەزاییان لە خۆت زیاترە. بێگومان کۆمەڵێکی زۆر هەڵسەنگێنەر (Benchmark) هەن کە هێزی پڕۆسێسەرە جیاوازەکانمان بۆ دەردەخەن و دەتوانن ئەو ئەنجامانە بۆ هەموو پڕۆسێسەرەکان لە چەندین ماڵپەڕ دەست بخەن و سەیریان بکەن وەک:

notebookcheck.net

passmark.com

20 كانونی یه‌كه‌م، 2018
ئاڤاتار
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.
341