فەیسبووک
18, كانونی یهكهم 2018
ئینستەگرام بەردەوامە لە نوێکاری و چەند تایبەتمەندیەکی تری نوێ و نایابی بەردەستکرد

ئینستەگرام، کە لە لایەن فەیسبووکەوە خاوەنداریەتی دەکرێت، لە هەنگاوێکی نوێدا تایبەتمەندی پێشنیارکردنی مۆسیقا بۆ ستۆرییەکان و هەروەها پرسیار و وەڵامی ڕاستەوخۆ بۆ تۆڕەکەی بەردەست کرد. تایبەتمەندی مۆسیقاکە، کە لە ئەمڕۆوە بەردەست کراوە، لەگەڵ ئەوەی وێنەیەک یان ڤیدیۆیەک بۆ ستۆری زیاد دەکەیت دەتوانیت لە ڕێگەی ستیکەر واتە لەزگەی مۆسیقاوە لە کۆگای مۆسیقا بە گوێرەی خواستی خۆت مۆسیقایەک هەڵبژێریت. ئەمە سەرباری ئەوەی چەند کاریگەرییەکی نوێی بۆ ڤیدیۆکان بەردەست کراون.
لە ڕاستیدا، ئەم تایبەتمەندییە ڕێک هاوشێوەی تیک تۆک نییە، بەڵام دەکەوێتە ناو هەمان بازنەوە و هەنگاوێکی نوێیە لە لایەن ئینستەگرامەوە.

تایبەتمەندیەکەی تر، کە ئەویش هەر ئەمڕۆ بەردەستکراوە، بریتییە لە ڤیدیۆیی ڕاستەوخۆیی پرسیار و وەڵام. بێگومان هەمیشە بۆ بینەران کراوە بووە کۆمێنت لەسەر پەخشە ڕاستەوخۆکان بنوسن، بەڵام لە ئێستادا ئەوانەی پەخشەکە دەکەن دەتوانن پرسیارەکە بخەنە سەر پەخشە ڕاستەوخۆکە و بۆکسی پرسیارەکە لە لایەن بینەرانەوە ببینرێت. ئەمەش کاتێک کە کەسێک پرسیاری کردبێت و پرسیارەکان هاتبن، لەگەڵ هەڵبژاردنی هەر پرسیارێک لە خوارەوەی ڤیدیۆکە دەردەکەوێت.

نوێکاریەکی تر بۆ ئینستەگرام بریتییە لە ستیکەری Countdown واتە دانانەوەی کات بۆ مەبەستێک لە مەبەستەکان. بۆ نمونە، وا لە کۆتایی ساڵ نزیک دەبینەوە و تۆ دەتوانیت ئەم ستیکەرە بەکاربهێنیت و کات دابنێیتەوە تا ئەو ڕێکەوتەی خۆت دەتەوێت.

بێگومان ئەم تایبەتمەندییانە لە ئەمڕۆوە بەردەست کراون، لەبەرئەوە بە گوێرەی تێپەڕبوونی کات بە گشت لایەک دەگەن، ئەگەر پێت نەگەیشتوون دوودڵ مەبە و بەم زووانە دەگات.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!