ئای ئۆ ئێس 19, كانونی یه‌كه‌م 2018

کۆگای سیدیا دادەخرێت، بەڵام ئایا مانای داخستنی ئەپی سیدیاش دەگەیەنێت؟

هەفتەی ڕابردوو جەی فریمان ناسراو بە ساوریک، کە بە گەشەپێدەری ئەپ و کۆگای سیدیا دادەنرێت، بڕیاریدا پێش ساڵی نوێ کۆگای سیدیا لە کاربخات لە بەر کێشەیەک کە بریتی بوو لە ناهاوسەنگی لە خەرجکردنی بڕی پارە، بەشێوەیەک لە لای هەندێک کەس بڕێکی زۆری پارە لە چاو نرخی پاکێجەکە لەسەر هەژمارەکەی دادەشکا.

پرسیار: داخستنی کۆگاکە مانای لەناوچوونی ئەپەکەش دەگەیەنێت لەلای تۆ؟ ئەم بابەتە ئەو پرسیارە و چەندانی دیکەت بۆ ڕوون دەکاتەوە.

ئەپی سیدیا (Cydia) لە ٢٨ـی شووباتی ساڵی ٢٠٠٨ لە لایەن جەی فریمان (ساوریک) ـه‌وه‌  بڵاوکرایەوە، کە هێشتا ساڵێکی بەسەر بەردەستکردنی یەکەمین وەشانی سیستەمی iPhone OS(iOS) ـدا تێنەپەڕیبوو.

ئەپی سیدیا بریتییە لە بەڕێوەبەری پاکێجەکان کە لە ڕێگای جەیڵبرەیکەوە بۆ سیستەمی iOS و ئامێرەکانی ئایفۆن و ئایپاد و ئایپۆد دادەمەزرێت. ڕێگەت پێدەدات کە چەندین پاکێج و ئەپ داببەزێنیت و گۆڕانکاری بێسنوور لە ئای ئۆ ئێس ئەنجام بدەیت، کە ئەپڵ لە هیچ وەشانێکی iOS ـدا ڕێگەی بەمە نەداوە و نایدات.

کۆگای سیدیا چییە؟

بەکورتی بریتییە لە سیستەمێکی پارەدان و پەیوەستکراوە بە ئەپی سیدیا کە ڕێگە دەدات پاکێجەکان لە ڕێگای سۆرسە بنەڕەتییەکانی نێو ئەپی سیدیا بکڕیت، سۆرسە بنەڕەتییەکان بریتین لە: (BigBoss و ModMyi و MacCiti).

ئەپی سیدیا بەردەوام دەبێت لە کارکردن؟

ساوریک تەنها کۆگای سیدیا لە کار دەخات نەوەک ئەپی سیدیا (Cydia Installer)، کەواتە ئەپی سیدیا بەردەوام دەبێت لە کارکردن بەڵام ناتوانرێت لەمەودوا هیچ پاکێجێکی نێو سیدیا بکڕدرێت لە ڕێگای سۆرسە بنەڕەتییەکان بەهۆی داخستنی کۆگاکەوە (پێشووتر بەهۆی کێشەکانی ئەپی سیدیا لەگەڵ وەشانی iOS 11 نەدەتوانرا هیچ پاکێجێک بکڕدرێت، کەواتە هیچ لە بابەتە ناگۆڕێت)، جگە لەوەی ئاماژەی پێکرا دابەزاندنی پاکێجە بەخۆڕاییەکان بێکێشە دەتوانرێت ئەنجام بدرێن لە نێو ئەپەکەدا.

ڕێگای تر هەیە بۆ کڕینی پاکێجەکانی نێو سیدیا؟

سۆرسە نابنەڕەتییەکانی وەک (Packix و Chariz و Dynastic Repo) خاوەن سیستەمێکی پارەدانن، دەتوانرێت بێکێشە پاکێجەکانی ناویان بکڕدرێت بەبێ پشتبەستن بە کۆگای سیدیا و سۆرسە بنەڕەتییەکان.

دەتوانرێت ئەو پاکێجانە داببەزێندرێنەوە کە لە ڕابردوودا کڕدراون؟

ئەگەر پێشتر پاکێجێک یاخود زیاترت لە سۆرسە بنەڕەتییەکان کڕیوە، دەتوانیت دایانبەزێنیتەوە تەنانەت ئەگەر کۆگای سیدیایش دابخرێت.

بە داخستنی کۆگای سیدیا و پشتگوێخستنی سیدیا جەیڵبرەیک لەناو دەچێت؟

لە ساڵی ٢٠٠٨ ـه‌وه‌  و لەگەڵ بەردەستکردنی هەر وەشانێکی نوێی iOS، جەیڵبرەیک ساڵی چەند جارێک بۆ وەشانە نوێیەکان بەردەست دەکرێت لە لایەن تیمەکان و هاککەری تاکەکەس. ڕەنگە دواکەوتن بەخۆیەوە ببینێت، بەڵام بەهۆی هەبوونی بەکارهێنەرێکی زۆر و کۆمەڵگایەکی گەورەوە ئەستەمە لەناوبچێت!

شایەنی باسە، بە نەمانی ئەپی سیدیا جەیڵبرەیک بەردەوام دەبێت بەهۆی بەردەستکردنی ئەپڵیکەیشنە نوێیەکانی بەڕێوەبردنی پاکێجەکان لە لایەن گەشەپێدەرانی دیکەوە، کە لە ئێستادا گەشەپێدەرێک بەناوی Cool Star سەرقاڵی درووستکردنی ئەپێکە بەناوی Sileo کە جێگرەوەی ئەپی سیدیایە و بەم نزیکانە بۆ بەکارهێنەرانی جەیڵبرەیکی لە ڕێگای ئامرازی جەیڵبرەیکەوە بەردەست دەکات.

ئەمانەی سەرەوە کۆمەڵێک پرسیار و وەڵام بوون دەربارەی داخرانی کۆگای سیدیا و ئەپی سیدیا. بە هیوای ئەوەی وەڵامی دروستمان دابێتەوە.

بۆچونی تۆ