ئاسایشی ئەلیکترۆنی

فەیسبووک ڕێگە بە Netflix و Spotify دەدات نامە تایبەتیەکانی بەکارهێنەران بخوێننەوە

ناکۆکیەکان بەردەوامە لە بارەی سیاسەتی فەیسبووک بۆ پاراستنی زانیاریە کەسێتیەکانی بەکارهێنەران کە لە ماوەی پێشوودا چەندین جار بینیمان ڕووبەڕووی دزەپێکردن و هاککران بوویەوە، لە ئێستاشدا بە پێی هەندێک لە ڕاپۆرتەکان ئاشکرا بووە فەیسبووک هەستاوە بە ئەنجامدانی کۆمەڵێک ڕێککەوتنی شاراوە لەگەڵ هەندێک لە کۆمپانیاکانی وەک ئەپڵ و مایکرۆسۆفت و ئەمازۆن و سپۆتیفای و نێتفلێکس هەتاوەکو ئەم کۆمپانیایانە بتوانن دەستیان بگات بە نامە و زانیاریە کەسێتیەکانی بەکارهێنەران.

ئەم هەواڵە دزەپێکراوانەش ناکۆکی دروست دەکات چونکە بە تەواوی پێچەوانەی یاساکانی فەیسبووکە و تۆڕەکەش ڕێگەی پێنەدراوە هەتاوەکو ئەم زانیاریانە بەشداری پێ بکات لەگەڵ لایەنێکی دیکەدا، بە پێی بەڵگەنامەکان فەیسبووک هەتاوەکو ئێستا هەستاوە بە ئەنجامدانی ڕێککەوتنی شاراوەی لەم جۆرە لەگەڵ 150 کۆمپانیای جیاوازدا کە چالاکی هەندێکیان خۆی دەبینێتەوە لە گەشەپێدانی تەکنیکەکان یان میدیاکان یان بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلەکان، هەر لەم بارەیەشەوە ئەم ڕێککەوتنە ڕێگە بە کۆمپانیای ئەپڵ دەدات دەستی بگات بە ژمارە تەلەفۆنیەکانی بەکارهێنەرانی فەیسبووک.

هەروەها کۆمپانیای ئەمازۆنیش بە هەمان شێوە ڕێگە پێدراوە بە گەیشتن بە ناو و ژمارە تەلەفۆنیەکانی بەکارهێنەرانی تۆڕەکە و پێشبینیش دەکرێت هۆکاری ئەم کارەی بۆ ڕێگریکردن و بنەبڕکردنی ساختەکاری بگەڕێتەوە، مایکرۆسۆفتیش وەک کۆمپانیاکانی پێشوو دەسەڵاتی گەیشتنی ناو و زانیاری فایلە کەسێتیەکانی بەکارهێنەرانی پێدراوە، لە بەڵگەنامەکاندا ئاماژەش بەوە دراوە کۆمپانیای فەیسبووک هەستاوە بە پێدانی دەسەڵات بە هەریەک لە کۆمپانیای نێتفلێکس و سپۆتیفای و Royal Bank بۆ گەیشتن و خوێندنەوەی نامە کەسێتی و تایبەتیەکانی بەکارهێنەران.

سەرەتای ئەم جۆرە ڕێککەوتنانە لە نێوان فەیسبووک و کۆمپانیاکانی دیکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2010، هەرچەندە پاش ئاشکرابوون و بڵاوبوونەوەی هەواڵەکان لە بارەی سیخوڕیکردنی کۆمپانیاکان بەسەر بەکارهێنەرانەوە، هەندێک لە کۆمپانیاکان بەڵێنی سڕینەوەی ئەو زانیاریانەیاندا بەڵام هەندێکی دیکەیان هەتاوەکو ئێستاش بەردەوامن و سەرجەم زانیاریەکانیان لە لای خۆیان پاراستووە، بە هەر حاڵ ئەم جۆرە هەواڵانە بەلای بەکارهێنەرانەوە وەک شتێکی بێزارکەری لێهاتووە و گرنگیەکی زۆری لەسەر بەکارهێنەرانی تۆڕەکە نەبووە و هێشتاش لە پای زانینیان بۆ ئەم جۆرە کارانەی تۆڕەکە هەر بەردەوامن لە بەکارهێنانی.

19 كانونی یه‌كه‌م، 2018
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
681