مۆبایل و تابلێت
20, كانونی یهكهم 2018
مۆبایلی نۆکیا 8 وەشانی ئەندرۆید 9 پای پێگەیشت

بە هۆی ئەوەی نۆکیا پشت بە ڕووکاری بنچینەیی سیستەمی ئەندرۆید دەبەستێت بۆ مۆبایلەکانی، ئەوا لە یەکەم مۆبایلەکانن کە وەشانی نوێی ئەندرۆیدیان پێ دەگات، و بۆ ئەمجارەش وا ئەندرۆید ٩ پای بە مۆبایلێکی تری گەیشت بە ناوی نۆکیا ٨.
دوێنێ لە تویتێکی بەرپرسی باڵای ئێچ ئێم دی گلۆبەڵ، Juho Sarvikas، ئاماژەی بەوە کرد کە “چێژ لە خۆشیەکانتان وەرگرن لەگەڵ پارچەیەکی تری پای لە ئێمەوە، ئەمجارە لەسەر نۆکیا ٨ کە لە ئەمڕۆوە ئەندرۆید ٩ پای پێدەگات.”، ئەمەش واتە لە دوێنێوە ئەم وەشانە بۆ نۆکیا ٨ بەردەستکراوە، بەڵام دەنگۆکان هۆکاری ئەم دواخستنەی وەشانی ئەندرۆید ٩ پای بۆ نۆکیا ٨ دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی کە کۆمپانیا ویستوویەتی نۆکیا ٨.١ باشتر بفرۆشرێت و فرۆشەکانی بەرز بکەنەوە، ئینجا ئەم وەشانە بۆ نۆکیا ٨ بەڕێ بکەن.
بە هەر شێوەیەک بێت، نوێکردنەوەکە ئێستا بەردەستە و کۆمەڵێک چاکسازی و نوێکاری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، بۆ نمونە سیستەمی نوێی جوڵەکان Navigation Gestures و تایبەتمەندی Adaptive Battery و ئیمۆجی نوێ و نوێترین چاکسازی ئاسایش بۆ ئەم مانگە.
بێگومان ئەگەر خاوەنی ئەم مۆبایلەیت، ئەوا دەتوانیت لە ناو مۆبایلەکەت پشکنینێک بۆ ئەم نوێکارییە بکەیت و چێژ لە نوێکردنەوەکە وەرگریت، ئەگەریش پێت نەگەیشتووە، ئارام بگرە لەم چەند ڕۆژە بەردەست دەبێت.
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!