ئەندرۆید

گووگڵ بە ملیۆنان هەڵسەنگاندنی ساختەی سەر گووگڵ پلەی دەسڕێتەوە

لە هەنگاوێکی نوێدا، گووگڵ سیستەمێکی نوێی بۆ پێداچوونەوە بە هەڵسەنگاندنی ئەپەکان لەسەر گووگڵ پلەی خستووەتەگەڕ، کە پشت بە زیرەکی دەستکرد و هەروەها کارمەندی مرۆڤیش دەبەستێت، ئەمەش لە پێناو جەخت کردنەوە لە سەلامەتی و دروستی ئەو هەڵسەنگادنانە و پاڵاوتەکردنیان لە هەڵەسەنگاندنە ساختەکان کە بە هۆی نەرماواڵەی ساختە و زیانبەخشەوە خزێنراونەتە ناو پلەی ستۆرەوە. شایەنی باسە، لە یەکەم ئەنجامی ئەو سیستەمە تازەیە بە ملیۆنان هەڵسەنگاندن لەم چەند هەفتەیە سڕدراونەتەوە.

ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو هەڵمەتەی گووگڵ دەستی پێکردووە نەک تەنها هەڵسەنگاندنەکانی سڕیوەتەوە، بەڵکو لێدوان و بۆچوونەکانیشی لە پەڕی ئەپەکان سڕیوەتەوە، کە زۆریان لەوانەیە هۆکاربووبن بۆ هاندانی بەکارهێنەران بە دانانی هەڵسەنگاندنی بەرز بۆ ئەو ئەپانە.

ئەو سیستەمە زیرەکەی گووگڵ خۆکارانە و بەخێرایی بۆ ئەو هەڵسەنگاندنە بە لێشاو و خێرایانە دەگەڕێت کە لەسەر ئەپێک لە کاتێکی زۆر کەم ئەنجام دەدرێت، و هەروەها بۆ ئەو لێدوان و بۆچوونانەش کە هەمان شێوەیان هەیە، جا بۆ پێداهەڵدان و بەرزکردنەوەی ئەو ئەپانە بێت یان هۆکارێک بن بۆ ئەوەی هانی بەکارهێنەران بدەن تا هەڵسەنگاندنی بەرز بە ئەپەکانیان بدەن.

گووگڵ ئامۆژگاری پەرەپێدەران دەکات کە هیچ ڕێگە و شێوازێکی نەشیاو بەکارنەهێنن بۆ بەرزکردنەوەی هەڵسەنگاندن بۆ ئەپەکانیان، بۆ نمونە، پێدانی پارە بە خەڵکی تا وایان لێ بکەن لێدوان و هەڵسەنگاندن لە بەرژەوەندی ئەو پەرەپێدەرانە بنوسن، یان هەر هەڵمەتێکی تر لە پێناو زیادکردنی هەڵسەنگادنی بەرز بۆ ئەپەکانیان. تەنانەت گووگڵ ئامۆژگاری بەکارهێنەرانیش دەکات بە هەڵسەنگاندنی ئەو جۆرە هەڵسەنگاندنانە بە جۆرێک کە وابکات سیستەمە نوێکەی گووگڵ پێداچوونەوەیان بۆ بکات و هەڵسەنگاندنی دروست هەڵبژێرێت لەناو ئەم هەموو هەڵسەنگاندن و بۆچوونانەی لەسەر ئەپەکان دەدرێن.

سەرچاوە :

20 كانونی یه‌كه‌م، 2018
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1178