فەیسبووک

فەیسبووک ئامرازی Clear History تا بەهاری 2019 بەردەست ناکات

کاتێک فەیسبووک تایبەتمەندی Clear History لە مانگی ٥ی ئەمساڵ نمایشکرد، چاوەڕوان دەکرا دوای چەند مانگێک لە نمایشکردنی بەردەست بکرێت، بەڵام وا پێدەچێت کە زیاتر لەوە بخایەنێت. بەرپرسێکی فەیسبووک بە ناوی David Baser لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەڕی Recode ڕایگەیاند کە ئامرازی Clear History لە بەهاری ٢٠١٩ بۆ تاقیکردنەوە بەردەست دەبێت. هەروەک ناوبراو دەڵێت جێگیرکردنی ئەم ئامرازە زیاتر لەوە دەخایەنێت وەک لەوەی پێشبینی دەکرا. ناوبراو ئاماژەی بە چەند کێشە و بەربەستێک کرد کە لە ماوەی پەرەپێدانی ئەو ئامرازە ڕووبەڕوویان بۆتەوە و بووەتە هۆی دواکەوتنی.

لە ڕاستیدا، لەبەرئەوەی فەیسبووک زانیاری بەکارهێنەران بە کات و ڕێکەوت هەڵدەگرێت، ئەوا ئەستەمە ئەو مێژووەی گەڕانەی کە پەیوەستە بە بەکارهێنەرێکی دیاریکراو پەیوەستی بکات بە هەمان بەکارهێنەر. بۆیە پێویستە فەیسبووک سیستەمێکی جەخت لەسەر بەکارهێنەر واتە User-focused بۆ هەڵگرتنی زانیارییەکان پەرەپێبدات تا بتوانرێت تایبەتمەندی Clear History بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

شایەنی باسە، ئەم جۆرە هەنگاوە سودێکی ئەوتۆ بە وێنەی شێواوەکەی فەیسبووک ناگەیەنێت، لەو ڕووەوەی کە پێشتر ڕووبەڕووی گلەیی و گازندەیەکی زۆر بووەوە بە تایبەت لە ڕووی دزەپێکردنی تایبەتمەندی کەسی ملیۆنان بەکارهێنەر. بەداخەوە Clear History کە یەکێک بوو لە تایبەتمەندییە نمایشکراوەکانی کۆنگرەی F8ی ئەمساڵ، کە مانگی ٥ بەڕێوەچوو، وا پێدەچێت ڕێک تا ساڵێکی تر خۆی دەرنەخات. بەڵام بەلانی کەمەوە فەیسبووک جەختی لەوە کردەوە کە هێشتا کاری لەسەر دەکەن و بە نزیکەیی ڕێکەوتێکی دیاریکراو هەیە بۆ بەردەست بوونی، کە بەهاری ساڵی داهاتووە.

تێبینی: ئەم تایبەتمەندییە ڕێگە بە بەکارهێنەرانی فەیسبووک دەدات بە سڕینەوەی مێژووی بەکارهێنانی ئەو تۆڕە و نەهێشتنی شوێنەواری ئەو بەکارهێنانە، بەڵام تا ئێستا بەردەست نەکراوە وەکو لەسەرەوە ئاماژەی پێکرا.

سەرچاوە :

20 كانونی یه‌كه‌م، 2018
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1167