ئەپڵ 22, كانونی یه‌كه‌م 2018

ئەپڵ دانی پێدانا کە ئایپاد پڕۆی 2018 تووشی چەمانەوە دەبێت

لە دوای ماوەیەکی کەم لە نمایشکردنی نەوەی ساڵی ٢٠١٨ ی ئامێری ئایپاد پڕۆ لە لایەن ئەپڵەوە، یەکەمین کێشەی تابلێتە نرخ بەرزەکەی ئەپڵ بە دەرکەوت. ئەمەش دوای ئەوەی چەند بەکارهێنەرێکی ئایپادەکە تێبینی چەمانەوەی ئامێرەکەیان کردووە کە بەبێ هۆکار و بێ  هیچ فشار خستنە سەرێکی ئایپادەکیان توشی چەمانەوە بووە. لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەم کێشەیە، ئەپڵ دانی بە کێشەکەدا نا و ڕایگەیاند کە؛ ” ئاساییە و کەم و کورتییەک نییە“.

ئەپڵ بە پێگەی The Vergeـی ڕاگەیاندووە کە هەردوو مۆدێلی ١١ ئینج و ١٢.٩ ئینجی ئایپاد پڕۆی ٢٠١٨ کەمێک دەچەمێنەوە بەهۆی لاشە ئەلەمنیۆمیەکەیان، ئەمەش بەهۆی پێکهاتەکەیانە و لە کەشوهەوای سارددا چەمانەوە ڕوودەدات و بە پێی کات چەمانەوەکە ڕوو لە زیاد بوون ناکات، و زیانی لاوەکیی نییە لەسەر کرداری ئیشکردنی ئامێرەکە.

هەروەها ئەپڵ ئاماژەی بەوە داوە کە ئەو چەمانەوەیە بە کێشە و کەموکورتییەک لە ئامێرەکەدا هەژمار ناکەن، هەر بۆیە داوای لە بەکارهێنەرانی کردووە کە نیگەران نەبن دەربارەی چەمانەوەکە.
لەگەڵ ئەوەشدا ئاماژە دراوە بەوەی کە ئەپڵ هیچ ئایپادێکی چەماوە لە بنکە فەرمییەکانی خۆی بۆ کڕیاران ناگۆڕێت، تەنها لە کاتێکدا ئامێرێک لە بنکە فەرمییەکانیان دەگۆڕن کە کێشەکە دانپێدانراو و گشتی بێت، هەر بۆیە ئەوە وەکو کێشە هەژمار ناکرێت.

پێکهاتەکانی ئایپاد پڕۆی ٢٠١٨ بەشێوەیەکی گشتی لاوازن، هەر وەک لە ڤیدیۆیەکی JerryRigEverythingـدا دەردەکەوێت ،کە لە دوای لە پاکەت دەرهێنانی ئایپاد پڕۆ نوێیەکە دەست بە چەمانەوەی دەکات و بەفشارێکی زۆر کەم ئایپادەکە دەنوشتێتەوە:

[su_youtube url=”https://youtu.be/hUBsxCcJeUc”]

جێگەی ئاماژەیە، ئەمە یەکەم ئامێری ئەپڵ نییە کە تووشی چەمانەوە ببێت، لە ساڵی ٢٠١٤ ژمارەیەکی کەم لە ئایفۆن ٦ پڵەس تووشی هەمان حاڵەت بوون، بەشێوەیەک کە لە دوای چەند کاتژمێرێک لە پاکەت دەرهێنانی ئامێرەکە، چەمانەوەکە بەبێ هیچ هۆکار و فشارێک ڕووی دەدا.

سەرچاوە :
تاگەکان Apple iPad iPadPro
بۆچونی تۆ