ئاسایشی ئەلیکترۆنی

هاککەران سەرکەوتوو بوون لە تێپەڕاندنی بژاردەی Two Factor Authentication

بێگومان بژاردەی Two Factor Authentication هەنگاوێکی گەورە بوو لە سەرەتای دروستبوونیەوە بۆ پاراستنی هەژمارەکان، چونکە لە جیاتی داخڵ بوونی هەژمارەکەت لە ڕێگای یەک تێپەڕە وشەوە پێویستە کرداری داخڵ بوونی هەژمارەکەت پشت ڕاست بکەیتەوە ئەمەش لە ڕێگای تێپەڕە وشەیەک کە گۆڕانکاری بەسەردا دێت و دەنێردرێت بۆ مۆبایلەکەت لە هەر کاتێکدا داخڵی هەژمارەکەت ببیت، هەر بۆیەش هاککردنی هەژمارێکی پارێزراو بەم بژاردەیە کارێکی ئاسان نییە، چونکە لێرەدا هاککەر ناتوانێت داخڵی هەژمارەکە ببێت گەر بە ڕێگایەک تێپەڕە وشەی دووەمی دەست نەکەوێت.

بەڵام وا دیارە ئەم بژاردەیەش بە ڕادەی پێویست پارێزراو نییە و هاککەر دەتوانێت تێیبپەڕێنێت، لەم بارەیەوە ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی هەڵدەستێت بە ئاشکرا کردنی ڕێگایەک کە بە هۆیەوە هاککەران دەتوانن داخڵی هەژماری بەکارهێنەران ببن و Two Factor Authentication تێبپەڕێنن، لە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی ناوبراودا هاتووە هاککەران دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی کردارێکی خۆکارانە کە هەڵدەستێت بە وەرگرتنی تێپەڕە وشەکە ئەمەش لە ڕێگای ماڵپەڕێکی ساختەوە ئەنجام دەدرێت، بەم شێوەیە تێپەڕە وشەی دووەمی نێردراو بۆ بەکارهێنەر کە هەڵدەستێت بە پێدانی بۆ ماڵپەڕە ساختەکە لە ڕێگایەوە هاککەر داخڵی هەژمارەکە دەبێت.

بێگومان چەندین هەژمار بەم ڕێگایە هاککران بە شێوەیەک لە ماوەی ساڵی 2017-2018 هاککەران هەستاون بە هاککردنی هەزاران هەژماری بەکارهێنەرانی جیمەیڵ و یاهوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا ئەمەش بە پێی ڕێکخراوی لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی، هەروەها زۆرینەی هەژمارە بە ئامانج گیراوەکان هەژماری بەکارهێنەرانی وڵاتەکانی ئیماڕات و یەمەن و فەڵەستین و میسرن، لە کۆتاییشدا ئەم هەواڵە ئەوە دەسەلمێنێت بژاردەی Two Factor Authentication پارێزراو نییە بەڵام ئەوەی گومانی تێدا نییە ئەم بژاردەیە پارێزراوترە لە داخڵ بوونی هەژمار لە ڕێگای یەک تێپەڕە وشەوە.

23 كانونی یه‌كه‌م، 2018
ئاڤاتار
ناوم هاوژین یونسە، وەک نووسەر لە ماڵپەڕی کەی ئای تی ئێندا کاردەکەم و هەندێک شارەزاییم هەیە لە سیستمەکانی ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و ویندۆز و ئاگاداری نوێترین هەواڵە تەکنەلۆژییەکانم، هەروەها گرنگی بە هەواڵی یاریە ڤیدۆیەکان دەدەم و حەز و ئارەزوویەکی زۆرم هەیە بۆ یاریە ڤیدیۆیەکان بە تایبەت زنجیرەی یاریەکانی Assassin's Creed، وە ئامانجیشم پێشخستنی بواری تەکنەلۆژیایە لە کۆمەڵگای کوردیدا و ناساندنی زیاتری تەکنەلۆژیایە بە هەر تاکێکی کورد.
891