10
ئاسایشی ئەلیکترۆنی 23, كانونی یه‌كه‌م 2018

ئەپڵ ماڵپەڕێکی نوێ ڕادەگەیەنێت کە داواکاریەکانی حکومەت بۆ زانیاری بەکارهێنەران پیشان دەدات

بە تێپەڕبوونی کات و لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا وا دیارە داواکاریەکانی حکومەت بۆ زانیاری کەسێتی بەکارهێنەران زیادی کردووە، لەم بارەیەشەوە ئەپڵ یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی کە بەردەوام لە لایەن حکومەتەوە داواکاری ئاڕاستە دەکرێت هەتاوەکو ناوبراو زانیاریەکانی پێشکەش بکات، بەڵام زۆرینەی کات ئەپڵ ئەم داواکاریانەی ڕەت کردووەتەوە هەتاوەکو زانیاری کەسێتی بەکارهێنەرانی بپارێزێت ئەمەش لە کاتێکدا هەندێک جار زانیاری بەکارهێنەرانی بە حکومەت داوە.

هەر بۆیە گەر گرنگی بدەیت بە ڕێژەی داواکاریەکانی حکومەت بۆ بەکارهێنەرانی ئەپڵ ئەوا لە ئێستادا کۆمپانیای ئەپڵ ماڵپەڕێکی تایبەتی بەم کارە کردووەتەوە و تیایدا سەرجەم داواکاریەکانی حکومەتی وڵاتە جیاوازەکان پیشان دەدات کە بە هۆکاری جیاواز داواکاریان ئاڕاستەی ئەپڵ کردووە، ئەمەش بەردەست کراوە و تۆی بەکارهێنەر دەتوانیت زانیاری لە بارەی وڵات و ڕێژەی داواکاری و بەرواری داواکاریەکان بزانیت.

ئەپڵ لەم ماڵپەڕەیدا هەڵدەستێت بە پیشاندانی داواکاریەکان لەسەر بنچینەی ساڵانە و ئەو داواکاریانەشی کە بەردەوام پێوەی پابەندە، لە ئێستاشدا گەر چاوێک بە ماڵپەڕەکەدا بخشێنیت دەبینیت کە ئەڵمانیا لەو وڵاتانەیە کە زۆرترین ڕێژەی داواکاری ئاڕاستەی کۆمپانیا کردووە کە ڕێژەکەی زیاترە لە 13.000 داواکاری پاش ئەمیش وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێت بە ڕێژەی 4000 داواکاری، هەروەها هەریەک لە وڵاتی ئوستڕالیا و ئیسپانیا و سەنگافورە زیاتر لە 1000 داواکاریان ئاڕاستەی ئەپڵ کردووە، ئەگەر دەتەوێت بزانیت وڵاتەکەت داواکاری لەم جۆری ئەنجام داوە ئەوا سەردانی ئەم بەستەرەی خوارەوە بکە هەرچەندە خۆشبەختانە وڵاتی عێراق یەکێک نییە لەو وڵاتانە.

تاگەکان Apple
بۆچونی تۆ