10
مایکرۆسۆفت 25, كانونی یه‌كه‌م 2018

مایکرۆسۆفت کار لەسەر زیادکردنی Webcam ده‌كات بۆ ئامێرەکانی Windows 10 و Xbox One

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە کۆمپانیای مایکرۆسۆفت لە ئامادەکاریدایە بۆ نمایشکردنی دوو وێبکامی نوێ بە ڕوونی 4K بۆ ئامێرەکانی ویندۆز ١٠ و ئێکس بۆکس وەن بە مەبەستی ئاسانکاری بۆ بەکارهێنەر لە داخڵ بوونی ئامێرەکانیاندا.

یەکێک لە وێبکامە نوێیەکان ئاسانکاری بۆ بەکارهێنەران دەکات بۆ زوو داخڵ بوونی ئامێرە ویندۆز ١٠ـیەکانیان لە ڕێگای پەیوەست بوونی بە تایبەتمەندی Windows Hellow ـەوە، کە لە ڕێگای ناسینەوەی ڕووخساری دەمووچاویانەوە ئامێرەکان دەکاتەوە، وێبکامە نوێیەکەی دیکە کە تایبەت دەبێت بە ئامێری ئێکس بۆکس وەن جێی ئامێری کۆنی Kinect دەگرێتەوە، ئەمیش ئاسانکاری دەکات لە داخڵ بوونی بەکارهێنەران بۆ ئێکس بۆکسەکانیان لەڕێگەی ناساندنەوەی دەمووچاویانەوە. هەروەها دەتوانرێت لە ڕێگای وێبکامەکەی ئامێرەکانی ویندۆز ١٠ـەوە سوود وەربگیرێت لە داخڵ بوون بۆ ناو ئامێری ئێکس بۆکس وەنەکانیان.

یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان بۆ چاوپێکەوتنەکەی چەند مانگی ڕابردووی بەڕێوەبەری بەرهەمەکانی مایکرۆسۆفت سێرفس، Panos Panay، بۆ پێگەی The Verge دەگەڕێتەوە، کە ڕایگەیاند: مایکرۆسۆفت کار لەسەر دروستکردنی وێبکامی بە وایەر دەکات بۆ ئامێرەکانی سێرفس. بەپێی ئەم چاوپێکەوتنە بێت یەکێک لە بەرهەمەکانی ساڵی داهاتووی مایکرۆسۆفت  Surface Hub 2S دەبێت لەگەڵ بەردەستکردنی وێبکامێکی تایبەت بۆی کە ڕەنگە کار لەگەڵ ئامێرەکانی دیکەی ویندۆز ١٠ و ئێکس بۆکس وەن بکات.

ئاماژە بە کاتی تەواوەتی بەردەستکردنی وێبکامە نوێیەکان نەدراوە و تەنها بە ساڵەکەی دراوە کە ساڵی ٢٠١٩ دەبێت.

ئامێری وێبکام (Webcam) بریتییە لە کامێرایەکەی بچووک بۆ گواستنەوەی ڤیدیۆ بۆ تۆڕەکان کە لە ڕێگای USB ـییەوە پەیوەست دەکرێت، لە کۆندا و پێش سەردەمی زیادبوونی کامێرای چەسپاوی لاپتۆپەکان بۆ دیسکتۆپ و لاپتۆپە بێ کامێرایەکان بەکاردەهات.

 

سەرچاوە :
بۆچونی تۆ