10
سامسۆنگ 24, كانونی یه‌كه‌م 2018

5 مۆبایلی سەرنجڕاکێش چاوەڕێی ڕاگەیاندنیان دەکەین بە هاتنی ساڵی 2019

هەروەک لە ماوەی ڕابردوودا بینیمان بواری مۆبایلە زیرەکەکان پێشکەوتنێکی ئێجگار زۆری بە خۆیەوە بینی بە شێوەیەک هەندێک لە کۆمپانیاکان هەستان بە بەکارهێنانی ڕوونمای گەورەتر و کامێرای زیاتر لە مۆبایلەکانیان، هەر بۆیەش کۆمپانیاکان بەم شێوەی ئێستایان نامێننەوە و پشوو نادەن بەڵکو هەوڵی بەردەستکردنی تەکنەلۆژیا و تایبەتمەندی ناوازەی زیاتر دەدەن لە مۆبایلەکانی داهاتوویان هەتاوەکو لە لایەن بەکارهێنەرانەوە سەرنجڕاکێش بێت و ببێتە مۆبایلی داهاتوویان، هەر بۆیە لەم بابەتەدا ئاماژە بە 5 مۆبایلی سەرنجڕاکێش دەدەین کە هەموومان بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ڕاگەیاندنیان دەکەین لە ساڵی 2019ـدا.

Nokia 9 PureView

Nokia 9

سەرەتا بە مۆبایلی Nokia 9 PureViewـی کۆمپانیای نۆکیا دەست پێدەکەین، مۆبایلەکە وا بڕیار بوو لەم ساڵدا ڕابگەیەنرێت لە لایەن کۆمپانیا فنلەندیەکەوە بەڵام لە کۆتاییدا وا دیارە کۆمپانیای ناوبراو ڕاگەیاندنی مۆبایلەکە دوادەخات بۆ ساڵی داهاتوو کە 2019ـیە، بێگومان ئاشکرایە کۆمپانیای نۆکیا بەردەوام هەوڵی بەردەستکردنی باشترین دیزاین و تایبەتمەندیەکان دەدات لە مۆبایلەکانی داهاتوویدا هەر بۆیە وا دیارە مۆبایلی Nokia 9 PureView خاوەنی پێنج کامێرا دەبێت لە بەشی پشتەوە، هەرچەندە جۆرایەتی وێنە چرکێندراوەکان بە ژمارەی کامێرا نییە بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم مۆبایلەی نۆکیا تەواو جیاواز بێت هەم لە ڕووی دیزاین و هەم لە ڕووی جۆرایەتی کامێراش بە دڵنیایەوە.

Xiaomi Pocophone F2

بێگومان هەموومان ئاگاداری ئەوە بووین کۆمپانیای شاومی بە مۆبایلی Pocophone F1 چۆن سەرنجی بەکارهێنەرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا بە شێوەیەک مۆبایلەکە خاوەنی پڕۆسێسەری بەهێزی Snapdragon 845ـە لەگەڵ ڕامێک بە قەبارەی ٦ گێگابایت و پاتریەک بە توانستی 4000 ملی ئەمپێر، هەموو ئەم تایبەتمەندیە ناوازانەش تەنها بە نرخی 310$ ب دۆلار، هەر بۆیە ئەگەر شاومی Pocophone F2 بە پڕۆسێسەری Snapdragon 855 و ڕامێک بە قەبارەی 8 گێگابایت یان زیاتر لەگەڵ پاتریەک بە توانستی 4000 یان زیاتر ڕابگەیەنێت بە نرخێکی نزیک 300$ دۆلار ئەوا بە دڵنیایەوە بەکارهێنەرێکی ئێجگار زۆر ڕوو لەم مۆبایلە ناوازەیە دەکات چونکە هەڵگری سەرجەم تایبەتمەندیە ئاست بەرزەکانە بە نرخێکی ئێجگار کەم.

Galaxy Flex

Galaxy Foldable

مۆبایلی Galaxy Flex پشت ڕاست کرایەوە لە چارەکی یەکەمی ساڵی داهاتوودا ڕادەگەیەنرێت، مۆبایلەکە هەروەک دیارە توانای چەمانەوەی دەبێت ئەمەش ئاشکرا کرا لە کۆنگرەی ساڵانەی گەشەپێدەرانی سامسۆنگ، سەبارەت بە دیزاینی مۆبایلەکە وا دیارە سامسۆنگ هەتاوەکو ئێستاش دڵنیا نییە لە شێوازی دیزاینی مۆبایلەکە هەر بۆیە ئەمە بە نادیاری دەمێنێتەوە بەڵام ئەوەی ئاشکرایە مۆبایلەکە خاوەنی دوو ڕوونما دەبێت بە شێوەیەک بەکارهێنەر دەتوانێت ڕوونمای یەکەم بەکاربهێنێت وەک مۆبایلێکی ئاسایی لە کاتی چەمانەوەیدا هەروەها ڕوونمای دووەمیش دەتوانێت وەک تابلێتێک بەکاربهێنێت لە کاتی درێژکردنەوەی مۆبایلەکە، بەم شێوەیە بەکارهێنەر ڕزگاری دەبێت لە هەڵگرتنی دوو ئامێر.

Huawei P30 Pro

Huawei P30 Pro

ئاشکرایە مۆبایلی Huawei P20 Pro لە کاتی ڕاگەیاندنی لەم ساڵدا بەکارهێنەرێکی زۆری بەرەو ڕووی خۆی ڕاکێشا بە هۆی دیزاینی ناوازە و جۆرایەتی بەرزی کامێرای مۆبایلەکە هەر بۆیە مۆبایلی داهاتووی ئەم زنجیرەیە کە بڕیارە Huawei P30 Pro بێت بێگومان خاوەنی تایبەتمەندی ناوازە و جیاواز دەبێت، پێشبینیش دەکرێت خاوەنی چەندین تایبەتمەندی ناوازەی وەک بارگاویکەرەوەی بێتەل و تەکنیکی بارگاویکەرەوەی خێرا بە خێرایی 40 وات بێت کە لە ئێستادا بوونی هەیە لە مۆبایلی Mate 20 Proـدا، پێشبینیش دەکرێت Huawei P30 Pro کاربکات بە پڕۆسێسەری Kirin 980 بەڵام بەداخەوە پێشبینی دەکرێت پشتگیری لە هێڵەکانی نەوەی پێنجەم 5G ناکات.

Galaxy S10

کۆتا مۆبایلی لیستەکەمان و ناوازەترینیان مۆبایلی Galaxy S10ـە، مۆبایلەکە بە پێی پێشبینیەکان وا دیارە ڕادەگەیەنرێت بە چەند جۆرێکی جیاوازەوە کە سێ یان چوار جۆر دەبێت ئەمەش لەسەر ئاستی دیزاین و قەبارەی ڕوونما، لەگەڵ ئەمانەشدا Galaxy S10 وا دیارە پشتگیری لە هەستەوەری پەنجەمۆری ژێر ڕوونما دەکات و جۆرێکیشیان خاوەنی ڕوونمایەک دەبێت لە جۆری Infinity-O بە قەبارەی 6.44 ئینج لەگەڵ بوونی چاڵێکی ڕوونما کە کامێرای پێشەوەی مۆبایلەکە لە خۆدەگرێت، سەرەڕای ئەمانەش مۆبایلەکە کاردەکات بە پڕۆسێسەری Exynos 9820 هەر بۆیە دەبێتە هۆکاری باشترکردنی ئاستی مۆبایلەکە و یاریدەدەرێکی گەورەش دەبێت بۆ باشترکردنی ئاستی کامێرا و تواناکانی ژیری دەستکرد لە مۆبایلەکە.

ئەمانەی سەرەوە کە باسمان لێوە کردن پێنج لە سەرنجڕاکێشترین ئەو مۆبایلانەن لە ساڵی 2019ـدا ڕادەگەیەنرێن، بێگومان مۆبایلی دیکەش هەیە تۆی بەکارهێنەر بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی دەکەیت هەر بۆیە لە لێدوان لەم بارەیەوە ڕای خۆتمان پێ بڵی، هەروەها پێشبینی دەکەیت کامەیان سەربکەوێت بەسەر مۆبایلەکانی دیکەدا و بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان داگیر بکات.

بۆچونی تۆ