ڕێنمایی

چۆنیەتی گۆڕینی دەنگی Notification لە مێسنجەر و ڤایبەر و واتسئەپ لە ئەندرۆید

ڕێژەی بەکارهێنەرانی سەکۆکانی چات بەردەوام لە زیادبووندان، و ئەو ڕێژەیەش لە سەکۆیەکەوە بۆ سەکۆیەکی تر دەگۆڕێت. زۆربەمان زیاتر لە سەکۆیەک بەکاردەهێنین. بۆ نمونە، من وەکو خۆم مێسنجەر و ڤایبەر و بگرە وەتسئەپیش بەکاردەهێنم بۆ گفتوگۆ و چات لەگەڵ خزم و نزیک و هاوڕێ و دۆستان.

بەڵام ئەوەی جێگەی بێزارییە ئەو دەنگی ئاگاهییەیە کە لە هەموو شوێنێک دەیبیستیت و هی هەمووان وەکو یەکە. ئەمەش بەهۆی ئەوەی کە بەڕاستی کەس هەوڵی گۆڕینی نادات و گشتی هەر دەنگە سەرەکیەکە بەکاردەهێنن. بۆ چارەسەری ئەوە و جیاوازبوونت لەگەڵ دەوروبەرت پێویستە دەنگی ئاگاهی واتە نۆتیفیکەیشنی ئەو ئەپانە بگۆڕیت. لە خوارەوە یەک لە دوای یەک باسیان دەکەم.

فەیسبووک مێسنجەر

ئەگەر ئەپی مێسنجەر بکەیتەوە و لەسەرەوە پەنجە لە وێنەی پڕۆفایلی خۆت بدەیت بۆ ئەوەی بچیتە ناو Settingsـەوە، ئەوا لەوێ بەشی Notifications and Sound هەیە تا بتوانیت مامەڵە لەگەڵ دەنگەکانی ناو مێسنجەر بکەیت. ئیتر بۆ گۆڕینی دەنگی نۆتیفیکەیشن پەنجە لە Notification sound بدە و بیکە ئەو دەنگەی خواستی تۆیە. هەوەک دەتوانیت دەنگی پەیوەندیش بگۆڕیت لە ژێر Free Call Ringtone دا. لە وێنەکە ڕوونترکراوەتەوە:

ڤایبەر

پەنجە لە سێ هێڵەکە بدە و بچۆ بۆ Settings و پاشان لەوێ بچۆ بۆ Notifications. لەم بەشەدا ئەگەر سەرەنج بدەن ڤایبەر هیچ بژاردەیەکی بەردەست نەکردووە بۆ هەڵبژاردنی دەنگی تر بە ئارەزووی خۆت، بەڵکو Use system sounds بوونی هەیە کە لە ڕێگەی ڕێکخستەکانی ناو مۆبایلەکەت دەتوانیت گۆڕانکاری بکەیت.

لەم نمونەیەدا، ئامێری پیکسڵ ٣ بەکارهاتووە، بۆیە کە بژاردەی Use system sounds چالاک دەکەیت لە خوارەوە دەتوانیت Call ringtone هەڵبژێریت و پاشان شوێن هەنگاوەکان بکەویت بۆ دیاریکردنی دەنگێک کە خۆت داتگرتبێت یان پێشتر بوونی هەبێت.

وەستئەپ

لە ئەپی وەتسئەپدا، پەنجە لەسەر ئەو سێ خاڵە بدە و پاشان Settings و پاشان Notifications هەڵبژێرە.

ئێستا لەناو بەشی Notifications دەتوانیت دەنگی پەیامەکان لە ژێر Message Notification بگۆڕیت و لە ژێر Group Notification هی گروپەکان بگۆڕیت، و بۆ پەیوەندییەکانیش لە ژێر Call Notification بیگۆڕیت.

بەم شێوەیە لەو سێ ئەپە دەتوانیت بەپێی خواستی خۆت دەنگی نۆتیفیکەیشن و پەیوەندییەکان بگۆڕیت.

28 كانونی یه‌كه‌م، 2018
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1165