ڕێنمایی

چۆنییەتی گرتنی وێنە و تۆمارکردنی ڤیدیۆیی ڕوونما لە macOS Mojave

لەگەڵ وەشانی نوێی ماک ئۆ ئێس ناسراو بە مۆهاڤی، ئەو کاتانە ڕۆیشتن کە ئەپی دەرەکی و کویکتایم بەکاربهێنین بۆ تۆمارکردن و گرتنی وێنەی ڕوونمای ماکەکانمان. ئێستا و لەگەڵ ئەم وەشانە بە چەند ئامرازی بەهێز و بەتواناوە دەتوانیت ئەو کارە بکەیت بێ پێویست بوون بە ئەپی دەرەکی یان کویکتایم.

بێگومان دەتوانیت لە ڕێگەی Launchpad ئەپی screenshot بکەیتەوە، بەڵام وا باشترە قەدبڕەکان واتە Shortcutsـەکانیش بزانیت. بەم شێوەیەیی خوارەوە:

  • Command+Shift+3: لە ڕێگەی ئەم قەدبڕەوە ڕاستەوخۆ دەتوانێت وێنەی تەواوی ڕوونما بگریت. کە ئەم قەدبڕە دادەگریت ئەوا وێنەی ڕوونما ڕاستەوخۆ لەسەر Desktop هەڵدەگرێت. ئەگەر دوگمەی کۆنتڕۆڵیش دابگریت ئەوا وێنەکە لە کلیپبۆرد هەڵدەگیرێت و دەتوانیت لە ئەپەکانی وەکو فۆتۆشۆپ وێنەی ڕوونماکە بلکێنیت واتە پەیستی بکەیت.
  • Command+Shift+4: ئەم قەدبڕە دیاریکەرێک دەردەخات کە لە ڕێگەیەوە تۆ بژاردەی دیاریکردنی بەشێکی ڕوونمات هەیە تا وێنەی بگریت. لەگەڵ دیاریکردنی بەشەکەی ڕوونما ڕاستەوخۆ وێنەکەی دەگیرێت و پاشان لەسەر دێسکتۆپ هەڵدەگیرێت. بە هەمان شێوە ئەگەر دوگمەی کۆنتڕۆڵ دابگریت لە کلیپبۆرد هەڵدەگیرێت و دەتوانێت لە ئەپێکی وەکو فۆتۆشۆپ بیلکێنیت.
  • Command+Shift+5: ئەمەیان هەموو ئامرازەکانی وێنەگرتن دەکاتەوە و ڕێگەت پێ دەدات بە ئارەزووی خۆت ئامرازی دیاریکراو هەڵبژێریت، بەم شێوەیەی خوارەوە:

لە چەپەوە بۆ ڕاست بەم شێوەیە شیان دەکەمەوە:

  1. تەواوی ڕوونما دەگرێت.
  2. پەنجەرەیەکی دیاریکراو دەگرێت.
  3. بەشێکی دیاریکراو دەگرێت کە تۆ دیاری دەکەیت.
  4. ئەمە تۆماری تەواوی ڕوونما دەکات.
  5. ئەمە تۆماری بەشێکی دیاریکراوی ڕوونما دەکات.

لیستی Options هەندێک ڕێکخستنی تری گرنگ لە خۆی دەگرێت، لەوانە لە کوێ وێنەی ڕوونماکە هەڵبگیرێت، یان ئایا کات دابنرێتەوە پێش گرتنی وێنەکە یان نا، و چەند ڕێکخستنێکی تریش.

لە دوای ئەو ڕێکخستنانە، دەتوانیت ئێستا کرتە لە  “Capture” یان “Record” بکەیت، یان دوگمەی Return بکەیت لەسەر تەختەکلیل بۆ دەستپێکردن بە تۆمار یان گرتنی وێنەی ڕوونما. ئیتر ئەگەر ڤیدیۆ بوو ئەوا لەسەرەوەی ڕوونما لە تەنیشت کاتژمێرەکە دەتوانیت ڕایبگریت.

کاتێک کە ڤیدیۆکەت گرت یان وێنەکەت گرت ئەوا لە سوچی ڕاست لە خوارەوە دەردەکەوێت، ئەگەر کرتەی لێ بکەیت ئەوا ڕاستەوخۆ وێنەکە یان ڤیدیۆکە لە پەنجەرەیەکی هاوشێوەی خوارەوە دەبێتەوە و پاشان دەتوانیت دەستکاری بکەیت بە پێی خواستی خۆت، و بەردەستی ئامرازەکانی دەستکاری کردن.

28 كانونی یه‌كه‌م، 2018
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1165