مۆبایل و تابلێت

مۆبایلی Essential بە فەرمی وەستێندرا، و لەوانەیە نەوەیەکی تر لە ڕێگا بێت

بە گوێرەی هەواڵێکی پێگەی درۆید لایف ئەمڕۆ مۆبایلی ئیسێنشەڵ لەسەر ئەمەزۆن تەواوی یەکەکانی فرۆشراوە، و ئەوەی بڵاوکردەوە کە ئەمە کۆتایی ئەم نەوەیەیی مۆبایلی ئیسێنشەڵ PH-1 بێت. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کۆگای کۆمپانیا خۆی و هەروەها بێستباییش چیتر ئەو مۆبایلە لێی بەردەست نییە. بۆ زانیاری زیاتر پێگەی ئەندرۆید پۆلیس پەیوەندیان بە کۆمپانیای ئیسێنشەڵەوە کردووە و وەڵامیان داونەتەوە کە هیچ یەکەیەکی تر ناخەنە بازاڕەوە، و لە ئێستادا کار لەسەر نەوەی نوێی مۆبایلەکە دەکەن.

تەواوی وتەکەی وتەبێژی ئیسێنشەڵ لە خوارەوە دەخەینەڕوو:

ئێمە تەواوی یەکەکانی مۆبایلی ئیسێنشەڵمان لەسەر essential.com تەواوبووە و هیچ یەکەیەکی تر زیاد ناکەین. ئێمە بە سەختی کار لەسەر بەرهەمی مۆبایلی داهاتوومان دەکەین و بەردەوام دەبین لە فرۆشتنی پێوەکراوە Accessories و هەروەها نوێکاری سیستەم و پێشکەشکردنی هاوکاری بە بەشداربووانی ئێستامان.

بێگومان ئەمە لەسەر هەژمارە فەرمییەکانی ئەو کۆمپانیایە لەسەر کۆگاکانی وەکو ئەمەزۆن و هی خۆیان و هەروەها بێستبای کۆتایی هاتووە، ئەگەر تۆ هێشتا بە پەرۆشیت بۆ ئەم مۆبایلە دەتوانیت لەناو ئەمەزۆن لە فرۆشیارەکانی تر بیکڕیت.

گومانم وایە لە کوردستان هیچ کەسێک ئەم مۆبایلەی نەبێت، و ئەگەریش هەبێت تاک و تەلار بیدۆزیتەوە. بەڵام ئێمە وەکو پێگەیەکی تەکنەلۆژی بە گرنگەوە لەو بابەتە دەڕوانین چونکە بەرهەمی دەستی ئاندی ڕۆبنی دامەزرێنەری پێشووی ئەندرۆیدە، و نەک تەنها لە کەی ئای تی ئێن بەڵکو لەسەر تەواوی پێگە ئەلیکترۆنییەکان لە ساتی بەردەستبوونیەوە تا ئەمڕۆ بابەت و ڕووماڵی لەبارەوە کراوە.

ئیتر بە هەمان شێوە لە ئەگەری بوونی نەوەیەکی تری ئەم مۆبایلە، ئێمە هەواڵ و بابەتمان لە بارەوە دەبێت و بۆ ئێوەی دەگوازینەوە.

سەرچاوە:

29 كانونی یه‌كه‌م، 2018
ئاڤاتار
تەکنەلۆژیا بەشێکە لە ژیانم و ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و لە چەندین ماڵپەڕ و گۆڤار بڵاوم کردوونەتەوە و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە ٦ ساڵە. ئیتر گرافیک دیزاینەریشم لە ئاستێکی باشدا و لە پای ئەم ئیشانەشدا مامۆستای زانکۆم! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!
1061