هەواڵ
30, کانوونی یەکەم 2018
سەرەڕای ڕێگرییەکانی ئەمریکا، داهاتی هواوەی لە 2018 دا 100 ملیار دۆلاری تێپەڕاند

سەرکەوتنەکانی هواوەی کۆتاییان نایەت و دوای ئەوەی ڕاگەیەندرا فرۆشی مۆبایلە زیرەکەکانیان لەمساڵدا بۆ یەکەمجار ٢٠٠ ملیۆن دانەی تێپەڕاندووە، لە ڕاپۆرتێکی Reutersدا هاتووە کە داهاتی کۆمپانیاکە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار ١٠٠ ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
بە وتەی Guo Ping داهاتی زەبەلاحە چینییەکە لەمساڵدا دەگاتە ١٠٩ ملیار دۆلار و بەمەش ٢١٪ گەشە دەکات بە بەراورد بە پار، ئەمە لە کاتێکدایە کە سەرەتای ئەمساڵ حکومەتی ئەمریکا بە بیانووی پارێزراوی و دزەپێکردنی زانیاری بۆ حکومەتی چین ڕێگای نەدا مۆبایلەکانی زنجیرەی Mate 10 لە لایەن کۆمپانیاکانی پەیوەندی(Carrier)ی وڵاتەکە بفرۆشرێن.
لەم دواییانەشدا تەنانەت ئەمریکا داوای لە هاوپەیمانانی کرد تەکنەلۆژیا و بەرهەمەکانی هواوەی بەکارنەهێنن لە بنیادنانی ژێرخانی 5Gی وڵاتەکانیان، ئەمە لە کاتێکدایە وڵاتە پێشکەوتووەکان سەرقاڵی چوونە قۆناغی 5Gن و سەرەڕای ئەو داوایانەش هواوەی ٢٥ گرێبەستی هەیە لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهان بۆ بنیادنانی تۆڕی 5G بۆیان و گەورەترین بەرهەمهێنەری ئەو پێداویستییانەیە.
محمد شوان
خوێندکاری قۆناغی سێیەمی زانکۆم و حەزێکی زۆرم بۆ تەکنەلۆژیا هەیە، سوپاس بۆ خودا تا ڕاددەیەک زانیاری و شارەزاییم لە مۆبایلە زیرەکەکان و کۆمپیوتەردا هەیە، بە تایبەتیش لە سیستەمی وەگەڕخەری ئەندرۆید، هیوام وایە بتوانم خزمەتێکی بچووک بە هاونیشتمانیانم و بە وێبی کوردی بکەم و سوود لەم ئەزموونە وەربگرم.