ئەپ و نەرمەکاڵا 30, كانونی یه‌كه‌م 2018

باشترین ئەپەکان بۆ مامۆستایان بۆ ساڵی 2018

لەم ساڵانەی دوایدا یەکێک لە دیارترین بوارەکان کە پێشکەوتنی زۆری لە ڕووی تەکنەلۆژیاوە بەخۆیەوە بینیوە بریتیە لە بواری پەروەردە و فێرکردن. بۆ نمونە، بۆ مامۆستایان ئامرازی پێویست و گرنگ هەن کە دەتوانن هەم لە ناو هۆڵەکانی خوێندن و هەمیش لە دەرەوەی هۆڵەکانی خوێندن و لە ماڵەوە بەکاریان بهێنن. ئەم ئامرازانەش لەسەر مۆبایل و تابلێت و کۆمپیوتەرەکانیان دەتوانن بەکاریان بهێنن. لە خوارەوە ٣ لە باشترین ئامرازەکانی بۆ مامۆستایان بۆ ٢٠١٨ دەخەمە ڕوو.

١- خزمەتگوزاری گووگڵ کلاسڕووم

ئەم خزمەتگوزارییە یەکێک لە بەناوبانگترین خزمەتگوزارییەکانی گووگڵ بۆ پەروەردە و فێرکردن، بە شێوەیەک لەسەر ئەپستۆری ئەپڵ لە پلەی سێیەم دێت. ئەم خزمەتگوزاریە هاوکاری مامۆستایان دەکات لە ڕێکخستن و دروستکردنی هۆڵی خوێندن لەسەر ئینتەرنێت تا بتوانن ئەرکی ماڵەوەیان پێ بدەن، و هەروەها پەیوەندی لەگەڵ خوێندکار بگرن و نمرەکانیان بدەنەوە، و لەسەر بابەتی جیاجیا گفتوگۆ بکەن. ئەمانە و چەندین کرداری تر لەسەر ئەم سەکۆیە دەتوانرێت لە لایەن خوێندکاران و مامۆستایانەوە ئەنجام بدرێت.

ئەم خزمەتگوزارییە لەسەر وێب بەردەست، هەروەک بە ئەپڵیکەیشنیش بۆ ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس دەتوانرێت دابگیرێت و لەسەر مۆبایلەکان بەکاربهێندرێت.

٢- ئەپی کلاس دۆجۆ

ئەم خزمەتگوزارییە یەکێکە لە بەربڵاوترین خزمەتگوزارییەکان بۆ بواری پەروەردە بۆ مامۆستایان بۆ ساڵی ٢٠١٨، کە لە ١٨٠ وڵات بەکاردەهێندرێت و بە ٣٠ زمانی جیاواز بەردەستە.

خزمەتگوزارییەکە وا دیزاین کراوە کە مامۆستا بە ئاسانی پۆلی سەرهێڵ بۆ خۆی و خوێندکارەکانی دروست بکات، هەروەها دایکان و باوکانیش پەیوەست بە خزمەتگوزاریەکە بکات تا بتوانێت لە کاتی پێویست پەیوەندیان لەگەڵ بگرێت و ئاگاداری گۆڕانکارییەکان بن سەبارەت بە منداڵەکانی خۆیان.

خزمەتگوزارییەکە لەگەڵ خۆیدا چەندین کرداری گرنگی لەخۆی گرتووە تا مامۆستا سودی لێ وەربگریت بۆ کاتی وانەبێژی، و هەروەها پێدانی نازناو بە خوێندکارەکان، بۆ نمونە، Hard Worker یان ڕێکوپێکترین خوێندکار، یان ئەو خوێندکارەی زۆر هاوکاری هاوڕێکانی تر دەکات، و هتد.

هەروەکو ئاماژەی پێکرا، لەم سەکۆیەدا دەتوانرێت دایکان و باوکانیش ئاگاداری بەڕێوەچوونی وانەکان بن، و هەروەها بزانن منداڵەکانیان چ سزایەک یان پاداشتێک کراون. بە کورتی ئاگاداری ورد و درشتی منداڵەکانیان دەبن لەسەر سەکۆکە.

ئەم خزمەتگوزارییە جگە لەوەی لەسەر وێب بەردەست، وەکو ئەپ بۆ ئەندرۆید و بۆ ئای ئۆ ئێس بەردەست بۆ داگرتن.

٣- ئەپی کاهووت

ئەمە یەکێکە لە خۆشەویسترین خزمەتگوزارییەکان لەلای من و چێژێکی تر بە خوێندن دەبەخشێت لە هۆڵەکانی خوێندندا.

کەواتە مامۆستایان گەر هەلی ئەوە هەیە ئینتەرنێت لەناو پۆلدا بەکاربهێنن ئەوا سود لە خزمەتگوزاری کاهووت Kahoot وەرگرن و جارجارە جۆش و خرۆش بەناو پۆل و فێرخوازانتان بدەن بە دروستکردنی چەند چالاکییەک لەڕێگەی کاهوتەوە.

کاهووت خزمەتگوزارییەکە کە لە ساڵی ٢٠١٣ـەوە بەردەست خراوە و بە دەیان ملیۆن بەکارهێنەری هەیە لە زیاتر لە ١٠٠ وڵاتدا. ئەم خزمەتگوزارییە بەشێوەی ئەپ بەردەستە و ئامانج لێی زیاتر ئەوەیە کە پڕۆسەی فێربوون چێژبەخش بکرێت و ڕێگە بە مامۆستایان بدات کە لەڕێگەی کاهووتەوە چالاکی ناو پۆل بۆ فێرخوازان دروست بکات و جموجۆڵ بخاتە نێو فێرخوازان و کێبەرکێ لەنێوانیان دروست ببێت. کاهووت ئەپێکی پەروەردەیی نایاب و ئاسانە لە بەکارهێناندا و ئامۆژگاریم وایە هەرچۆنێک بێت سودی لێوەربگرن جا چ فێرخوازیت چ مامۆستایت بۆ ئەوەی فێرخوازەکانت بە ڕێگەیەکی کرداری فێربکەیت.

ئەپی کاهووت بۆ ئەندرۆید و ئای ئۆ ئێس و هەروەها لەسەر وێبیش واتە لەڕێگەی وێبگەڕەوە بەردەستە:

بۆ ئای ئۆ ئێس (ئایفۆن و ئایپاد و ئایپۆد)

بۆ ئەندرۆید

لەسەر وێب
https://kahoot.it

تێبینی:

*وشەی Kahoot واتە جۆرە یارییەک کە لە خوێندنگا حکومییەکانی ئەمریکا بەکاردێت بۆ پێداچوونەوە بە وانەیەک کە پێشتر خوێندراوە و تا فێرخوازان ئەوەی خوێندویانە پێداچوونەوەی بۆ بکەن.

*پێویستە مامۆستا لەڕێگەی کۆمپیوتەرەوە کاهووتەکانی ئامادە بکات.

بۆچونی تۆ