مۆبایل و تابلێت
31, كانونی یهكهم 2018
بە وێنە و ڤیدیۆ مۆبایلە 5 کامێراکەی نۆکیا دەرکەوت

وا وردە وردە مۆبایلەکەی نۆکیا خۆی دەردەخات، و کات نزیک دەبێتەوە لە ڕووداوی ڕاگەیاندنی مۆبایلی نۆکیا ٩ یان Nokia 9 PureView، کە لەوانەیە ببێتە یەکەم مۆبایلی نۆکیا لە ٢٠١٩.
دزەپێکراوی ئەمجارە لە هەژماری بەناوبانگی تویتەر Evleaksـەوەیە، کە هەمیشە شتەکانی جێگەی متمانەن و ئەو شتانەی بڵاویان دەکاتەوە وەکو خۆی دەردەچن، بۆ ئەمجارەش وێنەیەکی فەرمی مۆبایلە ٥ کامێراکەی نۆکیایی بڵاوکردووەتەوە و جەخت لەو دەنگۆیانە دەکاتەوە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو بڵاوکرانەوە.
لە وێنەکەدا دەردەکەوێت مۆبایلەکە بە ٥ کامێراوە دێت، لەگەڵ ڕوونمایەک کە ٦ ئینج دەبێت، لەگەڵ بوونی پەنجەمۆر لەژێر ڕوونماکەی و پشتی شووشە و چواردەوری ئەلەمنیۆمەوە.
هەروەک دەگوترێت مۆبایلەکە بە سناپدراگۆن ٨٤٥ و ڕامی ٦ گێگابایت و بیرگەی ١٢٨ گێگابایتەوە دێت. چاوەڕوان دەکرێت مۆبایلەکە ڕاستەوخۆ بە ئەندرۆید ٩ پایەوە بەردەست بکرێت، و لە ڕاستیشدا ئەوە جێگەی سەرسوڕمان نابێت، چونکە نۆکیا خۆی بەوە ناسراوە لە کۆمپانیا پێشەنگەکانە بۆ بەردەستکردنی وەشانی نوێی ئەندرۆید بۆ مۆبایلەکانی.
شایەنی باسە، زۆربەی دەنگۆکان باس لەوە دەکەن کە مۆبایلەکە لە ١١ی مانگی داهاتوو نمایش دەکرێت، بەڵام ئەگەر ئەمە ڕاست دەرنەچوو، ئەوا بێگومان پێشانگای MWC2019 لە کۆتایی مانگی ٢ی ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت و چاوەڕوان دەکرێت لەوێ نمایشی بکەن.
ئەمەی خوارەوەش ڤیدیۆی ڕیکلامی مۆبایلی ناوبراوە کە لە ماڵپەڕی جی ئێس ئێم ئێرینا بڵاوکراوەتەوە:
سەردار عبدالله
مامۆستای زانکۆ و هەڵگری ماستەر لە فێرکردنی زمانی ئینگلیزی و تەکنەلۆژیا. ساڵانێکە هەواڵ و زانیاری بە زمانی کوردی دەنوسم و ئێستاش لێرە هەم نوسەر و هەمیش بەڕێوەبەری گشتیم بۆ ماوەی زیاتر لە 8 ساڵە. هەروەک گرافیک دیزاینەریش خەونی منە! کرتە لە وێنۆچکەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانم بکەن بۆ ئەوەی زیاتر بمناسن!